خاڵی دەسپپێك لە منداڵپارێزیدا هەردەم بریتی‌یە لە قازانجی منداڵ. ئەمە بەو مانایەیە کە لە کاتی دانی هەر بڕیارێک سەبارەت بە منداڵ، ئەرکی سەرشانی فرمانبەران ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بکەن سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ باشترین چارەسەری سەبارەت بەو منداڵە دیاریکراوە و رێک لەو هەلومەرجەی ژیانی منداڵەکەدا، کامەیە. یاسا لیستەیەک لەو خاڵانەی تێدایە کە دەبێ لە کاتی هەڵسەنگاندنی چەندوچوونی قازانجی منداڵدا، فرمانبەرانی بواری کۆمەڵایەتی لەبەرچاویان بگرن. بۆ نموونە دەبێ بیرلەوە بکرێتەوە کە ئاخۆ لە حاڵەتی گرتنەبەری هەر یەک لە رێگاچارە جیاجیاکاندا، دەبێ بە چ شێوەیەک کار بکرێت بۆ ئەوەی کە پێوەندییەکانی منداڵ لە گەڵ کەس‌وکاری نزیکی خۆی بپارێزرێن و هەروەها بە چ شێوەیەک پشتیوانی لە پێشینەی زمانی، کولتووریی و ئایینیی‌ منداڵەکە بکرێت.

زانیاریی زیاتر

رەنگە دیاریکردنی ئەوەی کە چی بە قازانجی منداڵە هەردەم کارێکی ئاسان نەبێت، ئەمەش بەو هۆیەی کە لەوانەیە خەڵکانی جیاواز ڕاوبۆچوونی تەواو جیاوازیان هەبێت سەبارەت بەوەی کە چی بە قازانجی منداڵە. مەرج نیە لەبەرچاوگرتنی قازانجی منداڵ بەو مانایە بێت کە بڕیارەکان و چارەسەرییەکان هەمیشە بەو شێوەیە بن کە منداڵ یان دایک‌وباوکی منداڵ، دەیخوازن. بۆچوونی منداڵ لە کاتی هەڵسەنگاندنی قازانجی منداڵدا، شتێکی گرینگە، بەڵام مەرج نیە بۆچوونی منداڵ و قازانجی منداڵ هەمیشە یەک شت بن. فرمانبەر، قازانجی منداڵ لە روانگەی یاساوە هەڵدەسەنگێنێ، بۆیە جاری وایە فرمانبەرانی کاروباری منداڵپارێزی ناچار دەبن بڕیاری ئەوتۆ دەربکەن کە پێچەوانەی بۆچوونی دایک‌وباوک یا منداڵەکەیە.