Skip to content

""

لاو تووشی کێشە بووە

کێشەکانى ئاسیفى 12 ساڵان لەدزیکردن و شەڕکردنەوە سەریان هەڵدا. دایک و باوکى ئاسیف و مامۆستاکان و کاربەدەستانى منداڵپارێزیش، هەوڵیان لە گەڵ دەدا بەڵام ئەنجامی نەبوو. لە کۆتاییدا، کە ئیتر هیچ رێگایەکی تری یارمەتیدان نەمابووەوە، بنەماڵە و کاربەدەستان پێکەوە بڕیاریان دا کە ئاسیف راگوێزن بۆ خانەى منداڵان. لەوێ کەسانى شارەزا بە شێلگیرییەوە دەستیان لە کار و ئاکاری ئاسیف وەردەدا و هاوکات کار لە گەڵ هەموو خێزانەکەشدا دەکرا. کاتێک دۆخەکە هێوربووەوە، ئاسیف گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

ێشەکانى ئاسیف لە دزیکردنەوە دەستیان پێکرد

ئاسیف 12 ساڵان بوو، لە ناو منداڵەکانی خێزانەکەدا لە پاش بچووکترین منداڵیان، ئەم دەهات. دایک و باوکى ئاسیف چەند ساڵێک دەبوو لە فینلەند دەژیان، بەڵام فێرى زمانى فینلەندى نەببوون. ئەوان بەشدارى خولى فێربوونى زمانى فینلەندیان نەکردبوو. خوشک و برا گەورەکانى لە ماڵەوە لەگەڵ ئەواندا نەدەژیان.

دوو ساڵ لەمەوبەر دەرکەوت کە ئاسیف خەریکی دزیکردنە لە بازاڕ. لەبەر ئەمە کارمەندى کۆمەڵایەتى بواری منداڵپارێزی کوڕەکە و دایک و باوکى بانگ‌کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە. باس لەسەر ئەوە کرا، کە دەرئەنجامەکانى تاوانکردن چییە و بەچ شێوەیەک دەبێت قەرەبووی ئەو تاوانە بکرێتەوە کە ئەنجام دراوە. لە فینلەند منداڵی تەمەن ژێر 15ساڵ نابردرێت بۆ دادگا و سزاش نادرێت، بەڵام بەهۆى ئەنجامدانی تاوانەوە، لایەنی منداڵپارێزی دەتوانێ دەست لە مەسەلەکە وەربدات. هەڵبەت پێویستە خەسارەتی تاوانەکە قەرەبووبکرێتەوە، جا گریمان ئەنجامدەری تاوانەکە تەمەنی لە ژێر 15 ساڵیشەوە بێت. کاتێک کە منداڵ 15 ساڵ پڕدەکاتەوە ئەو ئیتر بەرپرسیارە لە ئەنجامی تاوان و دەتوانرێت بڕیارى غەرامەى بەسەردا بسەپێنرێت. دایک و باوکى ئاسیف بەڵێنیان دا کە لە ماڵەوە گفتوگۆی زیاتر بکەن سەبارەت بە چەندوچوونی مەسەلەکە. کوڕەکە خۆى دەیوت کە هاوڕێیەکی لەخشتەی بردووە و هانی داوە بۆ ئەوەی شت هەڵبگرێت.

کێشەکان بەردەوام دەبن

ساڵێک دواتر لە فێرگەوە پەیوەندى بە منداڵپارێزانەوە کرا. هەڵسوکەوتى ئاسیف لە فێرگە زۆر قین لە دڵانە بوو. قوتابیەکانى تر لە هەڕەشەکانى دەترسان. مامۆستاکەى گێڕایەوە، کە ئاسیف زوو زوو توشى شەڕ دەبێت چ لە فێرگە چ لە کاتى ئازاددا.

کارمەندى کۆمەڵایەتى بواری منداڵپارێزی سەرلەنوێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ کوڕەکە و دایک و باوکی سازدایەوە. کوڕەکە گێڕایەوە، کە ئەو بەوە تووڕە دەبێت کاتێك بە شێوەیەکی راسیستی و هەست ئازاردەرانە قسەی پێدەڵێن. دایك و باوکیشى باسی ئەوەیان کرد کە ئاسیف لە ماڵیشەوە کاتێک سنووری بۆ دادەنێن یان رێگای لێ دەگرن لە کردنی کارێک، یەکسەر هەڵدەچێ.

کارمەندى کۆمەڵایەتى پەیوەندى کرد بە مامۆستاکەى ئەسیفەوە، ئەویش بەڵێنی دا کە لە فێرگەدا چاویان زیاتر بەسەر ئاسیفەوە بێت و بزانێکن ئاخۆ کەس گێچەڵی پێ دەفرۆشێت. لە گەڵ دایک و باوکیدا باسی گرینگی ئەوە کرا کە خێزان سنوورێکى ئەمنی بۆ منداڵ دابنێت. واتە ئەوەی کە بۆ نموونە ئاسیف رێگای پێ نەدرێت کە بۆخۆی کاتی هاتنەوەماڵی خۆی دیاری‌بکات. دایک و باوکى ئاسیف هەروەها خەمى ئەوەیان بوو، کە ئەوان هاوڕێکانى ئاسیف ناناسن و ناشتوانن پەیوەندى بە دایک و باوکى هاوڕێکانیەوە بکەن ، چونکە لە زمانی یەکتر تێ‌ناگەن.

کارى خێزان بە مەبەستى پشتیوانیکردنى کارى پەروەردەکردنى دایک و باوکەکان

لە گەڵ ئاسیف و دایک و باوکیدا بڕیاردرا کە لایەنی منداڵپارێزی، کارى خێزانییان بۆ ئەنجام بدات. هەموو هەفتەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەدا ساز دەدرا و، ڕێنمایى دایک و باوکەکەش دەکرا بۆ ئەوەی لەسەر ڕێساکانى ناو خێزان رێ‌بکەون، بۆ نموونە لە سەر کاتی گەڕانەوەی ئاسیف بۆ ماڵ و هەروەها ئەنجامدانی فرمانەکانی فێرگە.

لە فێرگەدا، کاریگەرانەتر لێپێچینەوە دەکرا لەو حاڵەتانەدا کە یەکێک گێچەڵی بە ئەسیف بگێڕایە، بەڵام هەرچی ئاسیف بوو بگرە لە جاران خراپتر هەڵسوکەوتى دەکرد. لە پۆلدا دەبووە مایەى بێزاریى و نەیدەتوانى هۆش بداتە فێربوون و گوێگرتن. زۆر جار ئاسیف گوێڕایەڵیى مامۆستاکەى نەدەکرد، بەڵکو خۆی تووڕە دەکرد و لە نیوەى وانەکەدا بێ مۆڵەت، لە فێرگە دەچوە دەرەوە.

ئاسیف،  دایک و باوکى، مندالپارێزی و فێرگە پێکەوە بێرلە ئەو رێگایانە کردەوە کە بتوانرێ پارمەتی فێرکاری ئاسیف بدرێت تا  لەوێدا هۆشدانی ئاسانتر ببێ. جگە لەمەش، لەسەر ئەوەش رێکەوتن کە ئاسف لەگەڵ دەرونناسى فێرگە سەبارەت بە کێشەکانی کاروباری فێرگە قسەوباس بکات.دەروونناسی فێرگە کێشەکانی تواناى فێربوونى ئاسیفى هەڵسەنگاند. کاتێک کە هۆکارەکانى ئاستەنگی فێربوون ئاشکرا دەبن، دەکرێ بە شێوەی باشتر یارمەتی بە قوتابییەکە بکرێت.

کێشەکان خراپتر دەبن

بۆ ماوەیەک بارودۆخەکە هێور ببووەوە، ئەسیف بەشێوەیەکى ڕێک و پێک دەچوو بۆ فێرگە. ئەوە بوو ئینجا کێشە گەورەکان لە کاتی ئازاددا دەستیان پێکرد. ئاسیف و هاوڕێکانی دەستیکرد بە شکاندن و شێواندنى شوێنە گشتیەکان. هەروەها دیسانەوە دزی‌دەکرد. لە ماڵەوە ئاسیف ئەو رێسایانەی پێشێل دەکرد کە لەسەری پێکهاتبوون، ئەمە سەرەڕای ئەو پەیمان و بەڵێنانەی دابووی. لە فێرگەش ئاسیف بێ‌مەیل و ماندوو بوو، هیچ تاقەتی جێبەجێکردنی ئەو فرمانانەشی نەبوو کە بۆی دیاری‌دەکران. ئەسیف گۆڕانی بە سەردا هات و فێرگەشی هەتابڵێی بۆ سەخت ببوو.

دایک و باوکى بەهۆی ئەو بارودۆخەوە تەواو شەکەت و خەمبار بوون. گفتوگۆکردنیشیان لە گەڵ ئاسیف هیچ سوودێکی نەبوو. دایک و باوکى زۆر بۆ دواڕۆژی کوڕەکەیان نیگەران بوون.

ئاسیف لە خانەی منداڵان جێگیردەکرێت، هەتا شێلگیرانەتر دەست لە کێشەکانی وەربدرێت

کارمەندى کۆمەڵایەتى بواری منداڵپارێزی، بە مەبەستى تاووتوێی کێشەکانی کوڕەکە چاوپێکەوتنێکی رێک خست و هەر لەو پێوەندیەشدا دایک و باوکی کوڕەکە و مامۆستاکەى بانگهێشتن کران. لایەنی منداڵپارێز پێشنیارى کرد کە ئاسیف بخرێتە خانەى منداڵانەوە، بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى ڕێک و پێک هاتوچۆى فێرگە بکات و هەروەها بۆ ئەوەى بتوانرێت بەشێوەیەکى کاریگەرانە کاربکرێتە سەر هەڵسوکەوتە زیانبەخشەکانى. ئەم بیرۆکەیە بۆ دایک و باوکى ئاسیف ترسناک و نامۆ بوو، بەڵا م ئەوانیش لە سەر ئەو باوەڕەبوون کە دەبێت هەرچۆنێک بووە گۆڕانێک لە بارودۆخەکەدا رووبدا.

پێش دەرکردنى بڕیارەکە، ئاسیف و دایک و باوکى بواریان پێدرا کە برۆنە سەردانی خانەى منداڵان بۆ ئاشنابوون لە گەڵ ئەو شوێنە و دەربڕینی راوبۆچوونی خۆیان لەسەری. هەروەها باسی شێوەی پێوەندیکردنی ئاسیف بە دایک‌وباوکیەوە کرا و، سەبارەت بە کاتی پشووش، وترا کە ئاسیف دەتوانێ لە کاتی پشوودا سەردانی ماڵەوە بکات. هەر کاتێکیش هەست کرا کە پێویستی نەماوە، دەکرێ کۆتایی بەو جێگۆڕکێیە بهێندرێ. لە ماوەى پێڕاگەیشتی جێگردا دایک و باوک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەیان یارمەتی لە کەسانی گەورەساڵی تر وەردەگرن. بەمەبەستی زاڵبوون بە سەر ئەرکەکانی ژیانی رۆژانەدا کارمەندەکانى خانەى منداڵان دەتوانن یارمەتییەکی باشتر بە منداڵەکە بکەن بەبەراورد لە گەڵ یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد کە پێشکەش بە خێزان دەکرێت. لە ماوەى پێڕاگەیشتنی جێگردا، دایک و باوک لەگەڵ کارمەندەکانى خانەى منداڵان و کارمەندى کۆمەڵایەتى بواری منداڵپارێزی، پێکەوە بڕیار لەسەر مەسەلەکانی پێوەندیدار بە منداڵەکە دەدەن

ئەمەی دواتر بخوێنەرەوە

ناکۆکیەکانی نێوان لاو و دایك وباوکی

ناکۆکیەکانی نێوان لاو و دایك وباوکی

منداڵ، ماڵێك نیە لێی جێگیر بێت

منداڵ، ماڵێك نیە لێی جێگیر بێت

یارمەتی لە پارێزگاری منداڵەوە پێش لەدایك بوونی منداڵەکە

یارمەتی لە پارێزگاری منداڵەوە پێش لەدایك بوونی منداڵەکە

فەرهەنگۆك

لەم فەرهەنگۆکەدا باس لە مانای گرنگترین ئەو دەستەواژانە دەکرێت کە پەیوەندیان بە منداڵپارێزیەوە هەیە.

فەرهەنگۆك

دایبخه