Skip to content

""

وەك کارداری منداڵپارێزی

ئەگەر دۆخی منداڵەکە و خێزانەکەی پیویستی بە یارمەتی دەرەکی هەبێ، وەك پرنسیپێکی بنەڕەتی کارێك دەکرێت کە هەمیشە سووکترین ڕێگاى ڕەخساو بۆ یارمەتى خێزانەکە بگیرێتەبەر. لە منداڵپارێزیدا بەم جۆرە خزمەتگوزارییانە کە بە پلەی یەکەم هەوڵیان بۆ دەدرێ، دەگوترێ ڕێگاکانی یارمەتی چارەسەری ئازاد.

منداڵ لە چارەسەری جێگردا جێگۆركێ دەکرێت کاتێك، ئەگەر کارەکانی چارەسەری کراوە کافی نەبن و بەگوێرەی بەرژەوەندی منداڵەکە پێڕاگەیشتنەکە جێ بەجێ نابێ. هەندێ جار لەوانەیە بارەکە بە ڕاستی پێویستی بە جێگۆرکێ بە پەلە بێ.

کاروبارەکانی منداڵپارێزی لە سەر بنەمای یاسا داڕێژراون

بەپێی یاسای منداڵپارێزی ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی و سەپەرشتەکانی دیکەی منداڵ بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی دایك وباوك و سەرپەرشتکارانی دیکە، بەڵام ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەو پەیوەندییەدا یارمەتی لە کۆمەڵگا وەربگرن. ئامانجی کۆمەڵگا لە پلەی یەکەمدا ئەوەیە کە هەرچی دەکرێت زوو و لەکاتی خۆیدا پشتیوانی ئەو بنەماڵانە بکات کە یارمەتیان پێویستە، بۆ ئەوەی دایك وباوکەکە بتوانن ئەرکی پەروەردەکردنەکەی خۆیان ئەنجامی بدەن. لە وڵاتی فینلاند، ئەگەر هات و دایک‌وباوک یان سەرپەرشتەکان بە هەر هۆیەک نەیانتوانی باشگوزەرانی منداڵ دابین بکەن، ئەرکی سەر شانی کۆمەڵگایە کە دەست لە بارودۆخی ناوخۆی خێزانەکە وەربدا. ئەرکی منداڵپارێزی لەم جۆرە هەلومەرجانەدا ئەوەیە کە باشگوزەرانی بۆ منداڵەکە دابین بکاتەوە. یارمەتیدانەکان لەم جۆرە هەلومەرجانەدا هەمیشە بەدڵخواز و مەیلی خێزان نیە، بەڵکو یاسای منداڵپارێزی، کاربەدەستانی بواری منداڵپارێزی بەرعۆدەکردووە کە لە هێندێک هەلومەرجی دیاریکراودا، پێویستە و دەبێ لە پێناوی پارێزگاری لە منداڵدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبهێنن.
هەموو ئەو رێ وشوێنانەی لە وڵاتی فینلاند لە پەیوەندی لە گەڵ منداڵپارێزیدا دەگیردرێنە بەر، لە چوارچێوەی یاسای منداڵپارێزیدا دارێژراون. ئەمە بەو مانایەیە کە کردەوە و بڕیارەکانی کاربەدەستانی بواری منداڵپارێزی هەمیشە پشت بە یاسا دەبەستێ. یاسای منداڵپارێزی هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتە خۆ کە لە وڵاتەکەماندا دەژین، بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێشینەی منداڵەکان.

بەرژەوەندی و بەشداری منداڵ لە منداڵپاریزیدا

خاڵی دەسپپێك لە منداڵپارێزیدا هەردەم بریتی‌یە لە قازانجی منداڵ. ئەمە بەو مانایەیە کە لە کاتی دانی هەر بڕیارێك سەبارەت بە منداڵ، ئەرکی سەرشانی فرمانبەران ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بکەن سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ باشترین چارەسەری سەبارەت بەو منداڵە دیاریکراوە و رێک لەو هەلومەرجەی ژیانی منداڵەکەدا، کامەیە. یاسا لیستەیەک لەو خاڵانەی تێدایە کە دەبێ لە کاتی هەڵسەنگاندنی چەندوچوونی قازانجی منداڵدا، فرمانبەرانی بواری کۆمەڵایەتی لەبەرچاویان بگرن. بۆ نموونە دەبێ بیرلەوە بکرێتەوە کە ئاخۆ لە حاڵەتی گرتنەبەری هەر یەک لە رێگاچارە جیاجیاکاندا، دەبێ بە چ شێوەیەک کار بکرێت بۆ ئەوەی کە پێوەندییەکانی منداڵ لە گەڵ کەس‌وکاری نزیکی خۆی بپارێزرێن و هەروەها بە چ شێوەیەک پشتیوانی لە پێشینەی زمانی، کولتووریی و ئایینیی‌ منداڵەکە بکرێت.
فرمانبەر، بەرژەوەندی منداڵ لە روانگەی یاساوە هەڵدەسەنگێنێ، بۆیە جاری وایە فرمانبەرانی کاروباری منداڵپارێزی ناچار دەبن بڕیاری ئەوتۆ دەربکەن کە بۆچوونی دایك ‌وباوکەکە یا منداڵەکە لەسەری جیاواز بێت.
منداڵ مافی هەیە سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەندیان بە خۆیەوە هەیە بیر و بۆچوونی دەرببڕێ و بەگوێرەی تەمەن و ئاستی گەشەکردنی منداڵەکە دەبێ ئەو بیروبۆچوونانە لەبەرچاو بگیردرێ. هەروەها لەکاتی جێبەجێکردنی منداڵپارێزیدا دەبێ پڕسیاری خواست وئاواتەکانی و بیروبۆچونی منداڵەکە بکرێ و لەبەرچاو بگیردرێن.
بە گوێرەی یاسا، منداڵێک کە تەمەنی ١٢ ساڵی پڕ کردبێتەوە، لە کاتی هەڵسەنگاندنی منداڵپارێزیدا دەسەڵاتی قسەکردنی هەیە. دەسەڵاتی قسەکردن بەو مانایەیە کە لە کاتی هەڵسەنگاندن سەبارەت بە منداڵپارێزیدا، دەبێ راوبۆچوونی منداڵیش بە هەمان شێوەی راوبۆچوونی گەورەساڵان، لەبەرچاو بگیردرێت. منداڵ دەبێ مافی ئەوەی هەبێ کە ئەو بەڵگەنامانە ببینێ کە پێوەندییان بەوەوە هەیە و، بەهەمان شێوە لە کاتی بڕیاردان سەبارەت بەو، دەبێ بە شێوەی فەرمی گوێ بۆ قسەکانی ئەویش بگیردرێت. ئەو دەتوانێ داوای یارمەتی بکا، دەتوانێ داوای خزمەتگوزاری بکا و هەروەها ناڕەزایەتی خۆشی نیشان بدا بەرامبەر بەو بڕیارانەی سەبارەت بەو دەرکراون. دەبێ سەبارەت بەو بڕیارانەی لەپەیوەند بە منداڵدا دراون، زانیاری بە منداڵەکە بدرێت و دەرفەتی ئەوەشی بۆ بڕەخسێندرێ کە سکاڵا بەرامبەر بەو بڕیارانە بکا

ماف وئەرکەکانی دایك و باوك لە منداڵپارێزیدا

به‌شێوه‌ی سەرەکی، دایك و باوك مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ منداڵی خۆیان به‌خێو بکه‌ن، په‌روه‌رده‌ی بکه‌ن، شوێنی نیشته‌جێبوونی دیاری‌بکه‌ن و بڕیار له‌ سه‌ر کاروباره‌کانی دیکه‌ی منداڵه‌که‌ بده‌ن. هه‌ڵبه‌ت، له‌ کاتی دانی ئه‌و بڕیارانه‌دا ده‌بێ بیر و بۆچوونی منداڵه‌که‌ش له‌ به‌رچاو بگیردرێت. له‌و حاڵه‌تانه‌ی منداڵپارێزیدا که‌ یارمه‌تییه‌کانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد پێشکه‌ش به‌ خێزان ده‌کرێ، مافی بڕیاردان له‌ سه‌ر تێکرای کاروباره‌کانی منداڵ بۆ دایك و باوکه‌که‌ی به‌پارێزراوی ده‌هێڵدرێته‌وه‌. مەبەست لە کاروباری یارمەتیەکانی چاودێری ئازاد رێکخستنی ئەو خزمەتگوزاریانەیە، کە پشتیوانی و یارمەتی منداڵ دەدەن کاتێك کە لە ماڵەوە دەژین.  پرێنسیپی یاسایی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ کاروباری منداڵدا ده‌بێ به‌ هاوکاری له‌ گه‌ڵ دایك وباوك بێت. بڕیاردان له‌ سه‌ر بیروبڕوا و په‌روه‌رده‌ی ئایینی منداڵ مافێکی پارێزراو بۆ دایك و باوکه‌‌.

ئه‌وه‌ی که‌ منداڵ بخرێته‌ ژێر سەرپەرشتیى کاربەدەستان یان جێگۆڕکێی پێ بکرێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مانای‌ کۆتاییهاتن به‌ دایکایه‌تی و باوکایه‌تی ناگه‌یێنێت. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ که‌ له‌و حاڵه‌تانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی دایك و باوك به‌رته‌سکتر ده‌بێته‌وه‌. دایک و باوک هه‌روا وه‌ک سه‌رپه‌رشتی منداڵ ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ر به‌ شاره‌وانی بڕیار له‌ سه‌ر شوێنی نیشته‌جێبوون، به‌خێوکردن، په‌روه‌رده‌ و پێڕاگه‌یشتنی منداڵه‌که‌، ده‌دا. له‌و حاڵه‌شدا هێشتا هه‌وڵ ده‌درێ که‌ بڕیاره‌کان به‌ هاوکاری له‌ گه‌ڵ دایك و باوك بدرێن. له‌ کاتی خستنه‌ژێر سه‌رپه‌رشتی کاربه‌ده‌ستان یان جێگۆڕکێی به‌په‌له‌شدا، دایك و باوك مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ له‌ کاروباری پێوه‌ندیدار به‌ منداڵی خۆیان ئاگادار بن و له‌گه‌ڵی له‌ پێوه‌ندیدا بن. هه‌روه‌ها دایك و باوك مافی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ که‌ بزانن ئاخۆ چی سه‌باره‌ت به‌وان نووسراوه‌ و ئه‌و کارانه‌ش که‌ کراون به‌ چ هۆیه‌ک و له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک بوون.

ئەمەی دواتر بخوێنەرەوە

چارەسەری ئازاد پلەی یەکەمە

چارەسەری ئازاد پلەی یەکەمە

پێڕاگەیشتنی جێگر

پێڕاگەیشتنی جێگر

چاودێری پاشینە

چاودێری پاشینە

فەرهەنگۆك

لەم فەرهەنگۆکەدا باس لە مانای گرنگترین ئەو دەستەواژانە دەکرێت کە پەیوەندیان بە منداڵپارێزیەوە هەیە.

فەرهەنگۆك

دایبخه