ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی و سەپەرشتەکانی دیکەی منداڵ بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی دایك وباوك ، بەڵام ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەو پێوەندییەدا یارمەتی لە کۆمەڵگا وەربگرن. ئامانجی کۆمەڵگا لە پلەی یەکەمدا ئەوەیە کە هەرچی دەکرێت زوو و لەکاتی خۆیدا پشتیوانی ئەو بنەماڵانە بکات کە یارمەتیان پێویستە، بۆ ئەوەی دایك وباوکەکە بتوانن ئەرکی پەروەردەکردنەکە خۆیان ئەنجامی بدەن. لە وڵاتی فینلاند، ئەگەر هات و دایک‌وباوک یان سەرپەرستەکان بە هەر هۆیەک نەیانتوانی باشگوزەرانی منداڵ دابین بکەن، ئەرکی سەر شانی کۆمەڵگایە کە دەست لە بارودۆخی ناوخۆی خێزانەکە وەربدا. ئەرکی منداڵپارێزی لەم جۆرە هەلومەرجانەدا ئەوەیە کە باشگوزەرانی بۆ منداڵەکە دابین بکاتەوە. یارمەتیدانەکان لەم جۆرە هەلومەرجانەدا هەمیشە بەدڵخواز و مەیلی خێزان نیە، بەڵکو یاسای منداڵپارێزی، کاربەدەستانی بواری منداڵپارێزی بەرعۆدەکردووە کە لە هێندێک هەلومەرجی دیاریکراودا، پێویستە و دەبێ لە پێناوی پارێزگاری لە منداڵدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبهێنن.

هەموو ئەو رێوشوێنانەی لە وڵاتی فینلاند لە پێوەندی لە گەڵ منداڵپارێزیدا دەگیردرێنە بەر، لە چوارچێوەی یاسای منداڵپارێزیدا دارێژراون. ئەمە بەو مانایەیە کە کردەوە و بڕیارەکانی کاربەدەستانی بواری منداڵپارێزی هەمیشە پشت بە یاسا دەبەستێ. یاسای منداڵپارێزی هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتە خۆ کە لە وڵاتەکەماندا دەژین، بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێشینەی منداڵەکان.