Skip to content

""

ناکۆکیەکانی نێوان لاو و دایك وباوکی

ئەمەل لە قۆناغی هەرزەکاریدایە و زوو زوو تووشی شەروهەرا لەگەڵ دایك و باوکی دەبوو. دایك و باوکی هەڵسوکەوتی ئەمەلیان بەلاوە پەسەند نەبوو ئەمەلیش ئەو کۆنترۆڵە توندەی دایك وباوکی پێ قەبووڵ نەبوو.کێشەکان قووڵ دەبوونەوە. ئەمەڵ بۆخانەی پاراستنی لاوان ‌هەڵهات. کارگێری خانەی پاراستن لەگەڵ ئەمەل قسەوباس دەکات و چاوپێکەوتنیش بۆ هەموو خێزانەکە رێك دەخات. لەرێگەی قسەوباسەوە لەسەر بابەتەکان پێك دێن.

ناکۆکی گەورە هەیە لە نێوان ئەمەل و دایك و باوکیدا

ئەمەل 16 ساڵی تەمەن بوو. ئەو یەك ساڵی تەمەن بوو کاتێك لەگەڵ دایك و باوکیدا هاتن بۆ فینلەند. ئەو کچە گەورەى خێزانەکە بوو. چوار خوشک و براى لەخۆى بچوکتریشی هەبوون. باوکیان لە خواردنگە(ڕێستۆرانت) کارى دەکرد و دایکیشیان بەردەوام لەماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانیدا بوو. ئەمەل زۆر جار شەوانە و پشووەکانى هەفتە لە خواردنگەکەیان یارمەتى باوکى دەدا. ئەو دەبوایە یارمەتى دایکیشى بدایە لە پێڕاگەیشتن بە خوشک و برا بچوکەکانیدا.

دایک و باوکى ئەمەل بیستبوویانەوە، کە گۆیا ئەمەل لە رۆژی هەینیدا بەسەرخۆشى بیندراوە. ئەمەل لەگەڵ کۆمەڵێک کەس دەسوڕایەوە، کە کوڕى لە خۆی بە تەمەنتریان لەگەڵدا بوو. لەسەر ئەمە بوو بە شەڕێکى گەورە لە ناو ماڵدا. دایک و باوکیان هاواریان دەکرد، کە ئەمەل نەریتى ماڵەکە دەشکێنێ و ناوبانگیان دەزڕێنێت. باوکى ووتى کە، کچى ڕێک و پێک نابێت شەودرەنگان لەگەڵ هیچ کەسێک بسووڕێتەوە و نابێ وەک لاوە فینلەندیەکان بکات. ئەمەل چى دیکە لە پشووەکانى هەفتەدا لەگەڵ هاوڕێکانی نەدەچووە دەر. ئەوەبووئەمجار دەستى کرد بە هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتى دایک و باوکى. ناکۆکیەکانی لەگەڵ دایک و باوکیدا، زوو زوو سەریان هەڵدەدایەوە. ئەوەبوو دواجار لەدواى شەڕوهەرایەکی قورس، ئەمەل ماڵی بەجێهێشت و چوو بۆ خانەى پاراستنی لاوان. هاوڕێکانى پێشتر باسى ئەم شوێنەیان بۆ کردبوو.

کاتێک ئەمەل گەیشتە خانەى پاراستنی لاوان، باسی ئەوەی کرد، کە دایک و باوکى زۆری کۆنتڕۆڵ دەکەن و ئەویش دەترسێت لێیان. هەر لەوێوە تەلەفۆن بۆ دایک و باوکى ئەمەل کرا و پێیان ڕاگەیەندرا، کە کچەکەیان لە خانەى پاراستنە و ساغ و سەلامەتە. داوا لە دایک و باوکەکە کرا کە بەشداری گفتوگۆیەک بکەن. باوکى بە تەلەفۆنەکە تووڕە بوو، لەبەر ئەوەى پێشتر بۆیان باس کردبوو کە لە فینلەند دەتوانرێت منداڵ لە خێزانەکەی بستێندرێتەوە. باوکى وتى، کە ئەوان بەگوێرەی یاساکانی فینلەند هەڵسوکەوتیان کردووە، هەرچەند کە ئەوان خاوەن بەهاى پەروەردەیى تایبەت بە خۆیانن. ئەوان بۆ خۆیان دەزانن کە چى بۆ منداڵیان بە قازانجە. بۆ باوکەکە ڕوونکرایەوە، کە مەبەست لە کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکە یارمەتدان لە رێی وتووێژکردنەوەیە ئەویش لە هەلومەرجێکی ژیاندا کە وا دیارە مرۆڤ بەتەنهایی و بە ئاوەزی خۆی ناتوانێ بەسەر کێشەکانیدا زاڵ بێت. باوکى وتى، کەس و کار خۆش بن، ئەوان لە سەر یارمەتی پەکیان ناکەوێ، بەس ئەوەندەی کە کاربەدەستان کچەکەیان بۆ بنێرنەوە ماڵەوە.

پێکهێنانەوەى دوای شەڕی لاو لەگەڵ دایک و باوکی، بەبێ یارمەتى منداڵپارێزی

لە کۆتاییدا دایک و باوکەکە قایل بوون بە گفتوگۆکردن لەسەر مەسەلەکە. کەسێکى یاریدەدەریش بە نوێنەرایەتی رێکخراوێک لەوێ ئامادەبوو. بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بوو. کاتێک کەسى یاریدەدەر دووبەدوو لە گەڵ ئەمەل کەوتە قسە، دەرکەوت کە دایک‌وباوکی ئەمەل لە کچەکەیان نەداوە. لەهەرحاڵدا، ئەمەل لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە مەحاڵە لەگەڵ دایک و باوکیدا بژى، چونکە ئەوان زیاد لە پێویست سنوورى بۆ دادەنێن. دایک و باوکى ئەمەل هەستیان زۆر بە داماوی دەکرد. دایک و باوکەکە پێیان وابوو کە هەرچی دەسەڵات ئەوان هەیانبووە لێیان سەندراوەتەوە. ئەوان دەیانزانى کە تەمێکردنى جەستەیى قەدەغەیە. بەڵام ئەوان دامابوون کە چی بکەن، چونکە دەمەبەدەمەکردنیان لە گەڵ ئەمەل یەکجار بێزارکەر بوو. دایک و باوکى ئەمەل لە سەر ئەو باوەڕەبوون کە ئەوان ناتوانن بەو جۆرە ئازادییە رازی بن کە ئەمەل داوای دەکا.

ئاشکرابوو کە ئەمەل باسی منداڵپارێزیی لە هاوڕێیەکی بیستبوو. هاوڕێکەى پێی‌وتبوو، کە هیچ پێویست ناکا گوێڕایەڵی باوکی بێت، هەر کاتێکیش منداڵ بیهەوێ لە ماڵ دەربچێ ئەوا کاربەدەستانی بواری منداڵپارێزی کارئاسانی بۆ دەکەن. بە ئەمەل ڕاگەیەندرا، کە تا ئەوکاتەی کە ژیان لە ناو خێزاندا مەترسییەکی بەدواوە نەبێت، ناو ماڵ باشترین شوێنە بۆژیانی منداڵ. ئەوەبوو کە پێکەوە ساغبوونەوە لە سەر ئەوەی کە لەو هەلومەرجەدا ئەمەل پێویستى بە یارمەتى منداڵپارێزی نییە. بۆیە ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی ئەنجام نەدرا ولە جێی ئەوە، رێکەوتن کە لە پێناوی هێمنکردنەوەی بارودۆخەکەدا لە خانەی پاراستن گفتوگۆ بکەن. ئامانج لە یارمەتیدان لەرێی وتووێژەوە، باشکردنی پەیوەندى نێوان لاو و دایک و باوکیەتی، بەچەشنێک کە روانگەی هەردووک لایەن واتە هەم دایک‌وباوک و هەم لاوەکە، لەبەرچاو بگیردرێت. ئەمەل لەوە تێگەیشت، کە ئەو ناتوانێ بە تەنها بڕیار لەسەر هەموو کاروکردەوەی خۆی بدا. دایک و باوکەکەش دانیان بەوەدا نا کە بۆیان سەخت بووە ئەو هەڵوێست و هەڵسوکەوتە تازانەى منداڵەکەیان قبووڵ‌بکەن، بەڵام لەوەبەدوا هەوڵ‌دەدەن کە واز لە بەشێک لەو رێوشوێنە بەرتەسکانە بهێنن کە بۆ کچەکەیان دەستنیشان کردبوو. هەم ئەمەل و هەم دایک و باوکى لەسەر ئەوە کۆک بوون کە باشترین چارەسەری ئەوەیە کە هەر کاتێک ئەوان نەیانتوانی شەڕوهەرای نێوانیان هێور بکەنەوە، ئەمەل بۆ ماوەیەکی کورت بیگوێزێتەوە بۆ لای خێزانێکی ناسراویان. ئەو خێزانە ناسراوەیان لە شارێکی تر دەژیان.

ئەمەی دواتر بخوێنەرەوە

منداڵ، ماڵێك نیە لێی جێگیر بێت

منداڵ، ماڵێك نیە لێی جێگیر بێت

یارمەتی لە پارێزگاری منداڵەوە پێش لەدایك بوونی منداڵەکە

یارمەتی لە پارێزگاری منداڵەوە پێش لەدایك بوونی منداڵەکە

دایکەکە بەتەنیا توانای نیە

دایکەکە بەتەنیا توانای نیە

فەرهەنگۆك

لەم فەرهەنگۆکەدا باس لە مانای گرنگترین ئەو دەستەواژانە دەکرێت کە پەیوەندیان بە منداڵپارێزیەوە هەیە.

فەرهەنگۆك

دایبخه