ژیانى ڕۆژانە لە وڵاتێکى تازەدا سەختە

دایکى خێزانەکە بە تەنیا لەگەڵ شەش منداڵیدا لە ئۆردووگایەکی پەنابەرانەوە هات بۆ فینلەند. باوکى خێزانەکە لە ئۆردوگاکە بە نەخۆشیەک مردبوو. ژیان لە وڵاتەکەى خۆیاندا زۆر پشێو و ئاڵۆز بوو، کە ئەمەش بەهۆى زەرەر و زیانى جەنگەوە بوو. دایکیان خەمێکى زۆرى ئەو کەسوکارانەى هەبوو، کە لەوێ لە ناو پشێویى و نائارمیدا مابوونەوە. دایکەکە لە وڵاتى خۆى ئەو بوارەى بۆ نەڕەخسابوو کە بچێتە خوێندنگە و خوێندن و نووسین فێرببێت.

بۆ دایکەکە زۆر سەخت بوو کە بگوێزێتەوە بۆ وڵاتى فینلەند و، خۆی لەگەڵ ژینگەیەکى تازە و کلتورێکى تازەدا رابێنێت. کەش و هەواى وڵاتى فینلەند جیاواز بوو: لە زستاندا بەفر دەبارى، کە خێزانەکە هەرگیز بەفریان نەبینیبوو. ژیان لە باڵەخانەدا پەیوەست بوو بە ڕیساى دیاریکراوەوە، کە ئەوان بۆیان سەختبوو لەبیریان بمێنێت. دراوسێکان هەندێ جار تووڕە دەبوون، کاتێک کە منداڵەکان شەوان لە ماڵەوە ڕایان دەکرد و تەپەتەپیان دەکرد لە کاتى یاریکردندا. لە هەموو شوێنەکاندا ڕێسا و ڕێنمایى نووسراو هەبووون، بەڵام دایکى خێزانەکە نەیدەزانى بیانخوێنێتەوە. لێکتێگەیشتن و جێبەجێکردنى کارەکان لەگەڵ کاربەدەستاندا ئاڵۆز بوو، ئەوەبوو دایکەکە هەرگیز نەیدەزانى کە کێ دەتوانێت لە هەلومەرجی جیاجیادا یارمەتى بدات. بۆى سەخت بوو فێرى خوێندنەوەی کاتژمێر ببێت. هەر بۆیە هەندێ جار کارەکان بە جێبەجێ نەکراوی دەمانەوە، لەبەرئەوەى دایکەکە لە کاتی نەگونجاودا دەچوو بۆ فەرمانبەرایەتییەکان و لەو کاتانەشدا ئیتر وەرگێڕ لەوێ نەمابوو.

دایکەکە هیلاک دەبێت

چوار منداڵە بچووکەکە لە باخچەى ساوایان بوون و، دوو گەورەکەش لە قوتابخانەى سەرەتایى بوون. بەلایەنى کەم هەفتەى جارێک نامە و کاغەز لە قوتابخانە و دایەنگەوە دەهات، بەڵام هەمیشە ناسراوێکى هاوزمانى خۆى ئامادە نەبووکە یارمەتى بدات لە خوێندنەوەى پەیامەکاندا.

لە کۆتایدا دایکەکە زۆر هیلاک بوو. لەبەر خەمەکانى نەیدەتوانى خەوى لێبکەوێت. شەوانە بیرى هەر لاى کەسوکارى بوو کە لە دوور دەژیان. زۆرجار ڕۆژانە دەگریا. تواناى نەبوو هەموو ڕۆژێک منداڵە بچووکەکان ببات بۆ باخچەی ساوایان. هیلاکى و خەم و خەفەت ببوونە هۆى ئەوەى کە زوو زوو لە منداڵەکان توڕە ببێت. جار هەبوو دایکیان هاوارى دەکرد بەسەریاندا و هەندێ جاریش کە منداڵەکان بێدەنگ نەدەبوون، دەیویست پێیاندا بکێشێ. ئەو تواناى نەبوو ڕۆژانە گرنگى بدات بە جل شتن یان بەوەى کە، منداڵەکان کاتێک کە دەچوون بۆ قوتابخانە، بەپێى کەش و هەوا پۆشاکی گونجاو لەبەر بکەن. منداڵە گەورەکان هەوڵیان دەدا کە ئاگادارى خوشک و برا بچووکەکانیان بن لە دواى قوتابخانە.

دایکەکە داواى یارمەتى منداڵپارێزی دەکات

کارمەندەکانى باخچەی ساوایان پێشتر گفتوگۆیان کردبوو لەگەڵ دایکەکەدا سەبارەت بە هەلى جیاواز بۆ وەرگرتنى یارمەتى. کاتێک کەواى لێهات منداڵەکان نەهاتنەوەیان زیاتر بوو وەک لە ئامادەبوونیان لە باخچەى ساوایان، کارمەندەکانى باخچەى ساوایان خەمیان لێهات. ئەوان خزمەتگوزارییەکانى منداڵپارێزییان لەگەڵ دایکەکە باس کرد. کارمەندەکانى باخچەى ساوایان و دایکەکە بڕیاریاندا کە پێکەوە داخوازى یارمەتى بکەن لە منداڵپارێزان. کارمەندى کۆمەڵایەتىی بواری منداڵپارێزی چاوى کەوت بە منداڵەکان و دایکەکەیان. کارمەندى کۆمەڵایەتى ڕایگەیاند، کە مەبەستى چاوپێکەوتنەکە گفتوگۆکردنە پێکەوە لەبارەى ئەوەی، کە چ کێشەیەک لە خێزانەکەدا هەیە و بەشی منداڵپارێزی چۆن دەتوانێت یارمەتیان بدات. دایکەکە مۆڵەتى دا بە مەبەستی ساغبوونەوەی لە سەر پێداویستیی منداڵپارێزی، پێوەندى بکرێت بە باخچەی ساوایان و مامۆستاکانى منداڵە گەورەکان.

وەکو لایەنێک لە یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد ، کارمەندى خێزان بۆ خێزانەکە دیاری کرا. ئەو کارمەندە دەهات و لە کاروبارەکانى ژیانى ڕۆژانەدا یارمەتى دەدان. کارمەندى خێزان پێکەوە لەگەڵ دایکەکەدا کارى ماڵى دەکرد و یارمەتى دایکەکەى دەدا لە جێبەجێکردنى ئەو شتانەدا کە بەسەر یەکتردا کەڵەک ببوون. کارمەندى خێزان لە چاوپێکەوتنەکاندا وەرگێڕى بەکاردەهێنا و، بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردنى کاروبارەکانی دایکەکەشدا، پەیوەندى دەکرد بە کاربەدەستانى جیاوازەوە. زۆر جار لە کاتی جێبەجێکردنی کارە سەختەکانیشدا، کارمەندى خێزان وەک پشتیوانێک لەگەڵ دایکەکەدا دەڕۆی.

کارمەندى خێزان هەفتە نا هەفتەیەک لە کاتێکى دیاریکراودا دەچوو بۆلاى خێزانەکە بە مەبەستى یارمەتیدان. کاتى پزیشک بۆ دایکەکە گیرایەوە و، پزیشکیش یارمەتى دایکەکەى دا بۆ دەربازبوون لە بێخەویەکەى و خەمۆکیەکەى. کارمەندى خێزان گروپێکى گونجاوى بۆ دایکەکە دۆزیەوە، کە جۆرەها کارى دەستى تێدا ئەنجام دەدرا. لە گرووپەکەدا دوو ئافرەتى ترىیشی تێدابوون کە هاوزمانی دایکەکە بوون. بە بۆچوونى دایکەکە یەکتربینینەکانی گرووپەکە زۆر بووژێنەرەوە، بوون.