Skip to content

""

منداڵ، ماڵێك نیە لێی جێگیر بێت

دایك وباوکی ئەننا رێژەیەکی زۆر ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، چاودێری لە کچەکەیشیان ناکەن. دەبێ منداڵپارێزی چەندین جار ولەسەر یەك ئەم کچە بجکۆلەیە لە دەرەوەی ماڵەوە جێگوڕکێ پێ بکەن .دۆخەکە تا دێ خراپتر دەبێ. باوکی ئەننا  دەمرێ ودایکیشی بەتەنیا هەڵناستێتەوە سەر پێی خۆی. منداڵپارێزی خێزانی جێگر بۆ ئەننا دابین دەکات. ئێستا ئەو باشترە و بە رێك وبێكیش دایکی دەبینێ.

ئەننا بەبێ ئاسایش پەروەردە دەبێت

کاتێک دایک و باوکى ئەننا گواستیانەوە بۆ فینلەند، ئەننا بچووک بوو. باوکى لە فینلەند لە بوارى خانوبەرەدا کارى دەستکەوت. دایک و باوکى لە وڵاتى خۆیان بێ کار بوون و ماددە هۆشبەرەکانیان زۆر بەکاردەهێنا. باوکى لە فینلەندا کەوتە کۆمەڵێکەوە، کە ماددە هۆشبەرەکانیان بەکاردەهێنا و کڕینی و فرۆشتنیان دەکرد.

کاتێک کە ئەننا تەمەنى هێشتا 3 ساڵان بوو، چەند جارێک جێگۆڕکێی بە پەلەی بۆ خانەى منداڵان. پێکرابوو. هۆکاری ئەو جێگۆڕکێیانە ئەو دەنگەدەنگە بەرز و توندوتیژاوییەوە بوو کە دووپات دەبوونەوە و درواسێکانی خێزانەکەی ناچارکرد کە لە بەر خەمی کچە بچووکەکە، دەستی تێ وەربدەن. لەو بارودۆخانەدا دەرکەوت، کە ئەننا بەخراپى بەخێوکراوە و منداڵێکى زۆر ترسنۆکە. کارمەندى کۆمەڵایەتى لە بواری منداڵپارێزیدا کەوتە یارمەتی دانی خێزانەکە و بۆ ئەوەی یارمەتی دیکەش بدرێن، چەند رێنمایێکی پێشکەش بە دایک و باوکەکە کرد. بەلام دایک و باوکەکە نەیاندویست یارمەتى وەربگرن بەڵکو هەروا بەردەوام بوون لە بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر. ماڵی ئەننا شوێنێکی ئەوەندە نائەمن بوو بۆ ئەو، کە ئیتر مەجالێک بۆ هێنانەوەی ئەو لە خانەی منداڵانەوە بۆ ماڵەوە نەبوو.

ئەننا ماڵێک نیە لێی جێگیر بێت

کاتێک کە ئەننا تەمەنى 4 ساڵ بوو، خێزانێکى جێگرى فینلەندى دۆزرایەوە بۆى، کە ووردە ووردە ئەننا پێیان ئاشنا بوو. ئەو لە پێشدا پشووەکانى هەفتەى لەگەڵیاندا دەبردە سەر و لە کۆتاییدا بەتەواوەتى گواستیەوە لاى ئەوان بۆ ژیان. چەند چاوپێکەوتنێک بۆ دایک و باوکی ئەننا رێک خرا، بەڵام باوکى هەرگیز نەهات بۆ هیچ چاوپێکەوتنێک و دایکیشى بەدەگمەن دەهات. کاتێ کە ئەننا تەمەنى 5 ساڵ بوو، باوکى بە هۆی بە زیاد بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەرەکان، مرد. لەم بارودۆخەدا دایکى ئەننا ویستى چاکببێتەوە. ئەو وازى لە بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر هێنا و هیواخوازبوو کە کچەکەى بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. کارمەندەکانى کۆمەڵایەتى دەستیانکرد بە کارکردن لەگەڵ خێزانى جێگر و دایکەکەدا بە مەبەستى بەرەوپێشبردنى رەوتی گەڕانەوەى کچەکە بۆ ماڵەوە.

بارودۆخەکە بۆ ئەننا، بۆ دایکى و بۆ خێزانە جێگرەکەش، زۆر سەخت بوو. یەکێک لەو سەختیانە ئەوە بوو کە ئەننا هەستی بە نامۆیی دەکرد لە گەڵ دایکیدا، قسەکردنی بە زمانی دایکیشی بۆی زەحمەت بوو. هەرچەند لەو زمانە تێ دەگەیشت بەڵام حەزی لێ نەبوو قسەی پێ بکا.

لەو بارودۆخەدا ئەننا بووە منداڵێکی تەریک کەوتوو، خەمبار و کەمدوو. دایک و باوکى جێگر نەیاندەتوانى پەیوەندى لەگەڵ ئەننادا دروست‌بکەن، ئەوەش ببووە مایەی دەردیسەری بۆ خێزانەکەیان. هەروەها منداڵى بایەلۆژى خێزانە جێگرەکەش کە کەمێک لە ئەننا گەورەتربوو، تووشی جۆرێک لە قەیران بوو و، هەستی ئێرەیی و غیرەی بەرامبەر بە ئەننا لادروست ببوو. ئەوە بوو ئەننا گوازرایەوە بۆ خانەى منداڵان کە پێی ئاشنا بوو، وا بەڵێن بوو کە لەوێوە ئامادەکارى بکرێت بۆ گەڕانەوەى ئەننا بۆ ماڵەوە.

ئەننا کەم کەم لە تەمەنى شەش ساڵى نزیک دەبووەوە و لەو سەردەمەدا کۆتاییەکانی هەفتە و کاتەکانى پشووى لەلاى دایکى دەبردەسەر. ووردە ووردە دەرکەوت کە دایکى ئەننا لە گەڵ پیاوێکى تر ناسیاوی پەیداکردووە، کە بەتایبەتى پشووەکانى هەفتە مەشرووبی زۆر دەخواتەوە. ئەو پیاوە لە کاتی بەدمەستیدا هەم بەرامبەر بە دایکی ئەننا و هەم جارجار بەرامبەر بە ئەنناش توندوتیژیی ئەنجام دەدا. دایکى نەیدەویست واز لە پیاوەکە بهێنێت بۆیە وازى لەو خەونەى هێنا کە ئەننا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.

لە خێزانى جێگردا، ماڵێکى ئەمن بۆ ئەننا دابین دەکرێت

کارمەندەکانى منداڵپارێزی و خانەى منداڵان هیواخوازبوون کە خێزانێکى جێگرى باش بۆ ئەننا بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەى ئەو هێشتا کچێکى بچووک بوو، هەرچەندە لە ژیانیدا زۆرى چەرمەسەری بینیبوو. هەروەها دایکى ئەنناش ئەم جارە هەڵوێستى باشتری بوو سەبارەت بەوەى کە ئەننا بخرێتە خێزانێکى جێگرەوە. ئەو بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە هێز و تواناى ئەوەی نیە کە ژیانێکی رۆژانە لەگەڵ کچەکەیدا بەسەر ببات.

لە تەمەنى 6 ساڵیدا ئەننا لەگەڵ خێزانێکى جێگر ئاشنایەتی پەیدا کرد و گواستیەوە لای ئەوان بۆ ژیان. دایکى ماڵەکە خەڵکى هەمان وڵات و نزیک ناوچەی زێدی دایکی ئەننا بوو. لە خێزانەکەدا کچێکى 13ساڵ و کچێکى 9 ساڵ هەبوون، کە دایکیان هەمیشە بەزمانى خۆیان لەگەڵیاندا دەدوا. دایکى خێزانە جێگرەکە یەکسەر پەیوەندیەکى باشى دروستکرد چ لەگەڵ ئەننادا و چ لەگەڵ دایکى ئەننادا، کە ئەویش هەروا ڕازى بوو لەم خێزانە جێگرە تازەیە. ئەوەش ئاشکرابوو کە ئەننا لە وڵاتەکەى خۆیان نەنکێکی، دایکی‌دایکی هەیە کە لەماوەى ئەو ساڵانەدا زۆر پەرۆشی حاڵی ئەننا بووە و زۆریش یادی کردووە. ئەوەبوو خێزانە جێگرەکە هاوکات لە گەڵ سەفەرکردنیان بۆ وڵاتی خۆیان و سەردانی کەس و کاریان، دەچوونە سەردانی دایەگەورەی ئەنناش.

ئەننا بە شێوەیەکى ڕێک و پێک دایکى دەبینێت

ئێستا ئیتر ئەننا 10ساڵانە و قوتابیەکى گورجوگۆڵیشە. بەباشى بە دوو زمان دەدوێ. چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ دایکیدا بۆ ئەننا گرنگن، هەرچەندە هەمیشە بەپێی پلانی بۆداڕێژراو، نایەنەدی.

ئێستا ئەننا سێ ماڵە نەنکىیشی هەیە: یەکێک لە فینلەند و دوانیش لە وڵاتى خۆى. کارمەندانى کۆمەڵایەتى واى مەزندە دەکەن، کە زمانى دایکیى هاوبەش لەگەڵ دایک و خوشکە جێگرەکاندا یارمەتیدەری ئەننا بووە، کاتێک کە لەگەڵ ئەننادا باس لە بەسەرهات و هەست و نەستى کراوە. هەروەها لە سایەى زمانێکى هاوبەشدا، هاوکاری لە گەڵ کەس‌وکاری دایکی ئەنناش ئاسانتر بەدەستەوە هاتووە.

ئەمەی دواتر بخوێنەرەوە

یارمەتی لە پارێزگاری منداڵەوە پێش لەدایك بوونی منداڵەکە

یارمەتی لە پارێزگاری منداڵەوە پێش لەدایك بوونی منداڵەکە

دایکەکە بەتەنیا توانای نیە

دایکەکە بەتەنیا توانای نیە

یارمەتی بو کێشەی دەروونی و هەستەدەماری منداڵ

یارمەتی بو کێشەی دەروونی و هەستەدەماری منداڵ

فەرهەنگۆك

لەم فەرهەنگۆکەدا باس لە مانای گرنگترین ئەو دەستەواژانە دەکرێت کە پەیوەندیان بە منداڵپارێزیەوە هەیە.

فەرهەنگۆك

دایبخه