سەرپەرشتی بە کورتیەکەی مانای بڕیاردان لە سەر کاروباری منداڵ دەگەیەنێت. که‌سێک که‌ سەرەپەرشتی منداڵه‌، بەرپرسە بەرامبەر پێڕاگەیشتن بە منداڵ، پەروەردەکرنی، چاوەدێریکردنی و هەموو کاروبارەکانی دیکەی پێوەندیدار بە بەخێوکردنی منداڵ. تەنها سەرپەرشتی منداڵ مافی ئەوەی هەیە کە دەستی بەو زانیارییانەی پێوەندیدار بە منداڵ رابگا، کە لای کاربەدەستە جیاجیاکانن. دایک‌وباوکی منداڵ هەر دووکیان بە سەرپەرشتی منداڵێک دێنە ئەژمار کە لە ماوەی ژیانی هاوسەرایەتیدا لە دایک بووبێت. بەڵام منداڵێک کە لە پڕۆسەی هاوژینی‌ (هاوسەرینی کراوە) دا لە دایک بووبێ، دایک بە سەرپەرشتی دێتە ئەژمار، ئەگەر دایک و باوکەکە بە جیا لە سەر شتێکی تر رێ نەکەوتبن. لەم حاڵەتەی دواییندا، دەبێ باوکایەتی بە شێوەیەکی تایبەت بسەلمێندرێت و پشتڕاست بکرێتەوە.

زانیاریی زیاتر

ئەگەر دایک‌وباوک لە یەک جیاببنەوە، دەبێ سەبارەت بە سەرپەرشتیی منداڵه‌که‌ له‌ ناوخۆیاندا رێک بکه‌ون. جیابوونه‌وه‌ له‌ وڵاتی فینلاند، شتێکی باوه‌. جیابوونه‌وه‌ له‌ وڵاتی فینلاند، ده‌کرێ به‌ ته‌نهایی له‌ سه‌ر داخوازی ژن یان داخوازی مێرد یا خود له‌ سه‌ر داخوازی هاوبه‌شی هه‌ردووکیان، روو بدا. پاش شه‌ش مانگ، واته‌ دوای تێپه‌ڕبوونی کاتی دیاریکراو بۆ ساغبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر بڕیاری کۆتایی، جیابوونه‌وه‌ ده‌چێته‌ بواری فه‌رمی‌یه‌وه‌ و به‌شێوه‌ی یاسایی ده‌سه‌لمێندرێ. باوترین شێوازی سه‌رپه‌رشتیکردنی منداڵ پاش لێکجیابوونه‌وه‌ی دایک و باوک، سه‌رپه‌رشتیکردنی هاوبه‌شه‌. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌یه‌ که‌ دایک و باوک هه‌ردووکیان به‌شداری ده‌که‌ن له‌ بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ گرینگه‌کانی ‌پێوه‌ندیدار به‌ منداڵه‌که،‌ وه‌ک په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی یاخود سه‌فه‌رکردن. به‌ڵام بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌ کاروباری رۆژانه‌ی منداڵ، له‌ ئه‌ستۆی ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ منداڵ له‌ کنی ده‌ژی. منداڵێک که‌ به‌شێوه‌ی هاوبه‌ش سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێ، ناکرێ به‌بێ ئیزنی سه‌رپه‌رشته‌که‌ی تر ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ئه‌گه‌ر دایک و باوکی منداڵ، پاش جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌کتر له‌ سه‌ر سه‌رپه‌رشتیکردنی هاوبه‌شی منداڵه‌که‌ پێک نه‌یه‌ن، ئه‌کرێ هه‌ر یه‌ک له‌و دوو لایه‌نه‌ داوای سه‌رپه‌رشتیی یه‌کلایه‌نه‌ی منداڵه‌که‌ بکا. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه‌ که‌ سه‌رپه‌رشتی ته‌کلایه‌نه‌، ده‌توانێ به‌ بێ پرس کردن به‌ لایه‌نه‌که‌ی تر، بۆ خۆی سه‌باره‌ت به‌ کاروباری منداڵه‌که‌ بڕیار بدا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیردرێت که‌ منداڵ له‌ هه‌ر حاڵێکدا مافی چاوپێکه‌وتنی له‌ گه‌ڵ هه‌ر دوو لایه‌نی دایک و باوکی خۆی، هه‌یه‌.