Skip to content

فەرهەنگۆك

لەم فەرهەنگۆکەدا باس لە مانای گرنگترین ئەو دەستەواژانە دەکرێت کە پەیوەندیان بە خزمەتگوزاریەکانی منداڵان و خێزانەکانەوە هەیە.

ئ

ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی (Lastensuojeluilmoitus)

مەبەست لە ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی، ئاگادارکردنەوەی کارمەندى کاروبارى کۆمەڵایەتى‌یە سەبارەت بە منداڵێك کە لەوانەیە پێویستیی بە یارمەتیدان هەبێت. شێوەی ئاگادارکردنەوەکە بەو جۆرەیە کە لە ڕێی تەلەفوون، نووسینی نامە یان سەردانی راستەوخۆ بۆ بنکەی کاروباری کۆمەڵایەتیی ناوچەکەوە، کاربەدەستان لە پێویستیی منداڵپارێزی ئاگادار دەکرێنەوە. هەر کەسێك کە پەرۆشی باشگوزەرانی منداڵەکە بێت، دەتوانێ کاربەدەستان لە پێویستیی منداڵپارێزی ئاگادار بکاتەوە. ئەو کارمەندانەش کە لە گەڵ منداڵ و خێزاندا کاردەکەن، ئەرکە لە سەریان کە هەر کاتێك هەلومەرجی باشگوزەرانی منداڵ بۆیان جێگای نیگەرانی بێت، ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی ئەنجام بدەن.

ئاگاداری منداڵپارێزی پێش وەخت (Ennakollinen lastensuojeluilmoitus)

ئاگاداری منداڵپارێزی پێش وەخت پێش لەدایك بوونی منداڵەکە ئەنجام دەدریت، ئەگەر گومان هەبێت، کە منداڵەکە لە کاتی لەدایك بوونیدا پیویستی بە رێکاری یارمەتی منداڵپارێزی دەبێت. ئاوا دۆخێك بۆنموونە دەکرێت هەبێت، ئەگەر دایك وباوکەکە کێشەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و ئەلكحول یان کێشەی دەروونی قورسیان هەبێت. لەئاوا حاڵەتێکدا دەتوانرێ لەگەڵ دایك وباوکەکە لەوە پێشەوە نەخشە بۆ رێکاری یارمەتی پێویست بۆ چاودێری یان توانابەخشین بکێشرێ.

ئێشکگریی بواری کۆمەڵایەتى (Sosiaalipäivystys)

ئێشکگریی بواری کۆمەڵایەتی، وەڵام بە پێویستی یارمەتی دەستبەجێ و بەپەلە دەداتەوە، لە هەموو سەعاتەکانی شەو و رۆژدا و لە هەموو رۆژەکانی هەفتەدا. زانیارییەکانی پێویست بۆ پەیوەندیگرتن بە بەشی ئێشکگریی بواری کۆمەڵایەتییەوە لە پەرتووکی ژمارەکانی تەلەفون، لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی شار، لە ژمارەی فریاکەوتن ١١٢، لە نەخۆشخانەکان وەیان  لە پۆلیسەوە، بەدەست دێت.
ب

بەرژەوەندى منداڵ (Lapsen etu)

کاتێك سەبارەت بە پێویستی منداڵپارێزی هەڵسەنگاندن دەکرێت و لەکاتی پەیڕەو کردنی کارەکانی منداڵپارێزی پەیڕەو دەکرێ، دەبێ لە پلەی یەکەمدا بەرژەوەندیی منداڵەکە لەبەرچاو بگیردرێت، لەو کاتەدا باشترین رێگاچارە لە پەیوەند بە منداڵەکە دەگیرێتە بەر.

بەشداری (Osallisuus)

بەشداری مانای ئەوەیە کە هەموو کەسەکان مافی ئەوەیان هەیە کە بەشیوەیەکی یەکسان بەشداری بکەن و کاریگەری دابنێن لەسەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە خۆیانەوە و بەگەشەکردنی کۆمەڵگاوە هەیە. لە بەشداری منداڵدا مەبەست ئەوەیە کە ئەو لە بڕیاردان، لە جێبەجێکردن و لە هەڵسەنگاندنی کاروبارەکانی دا خۆی لەگەڵدا بێت. مافی بەشداری منداڵ لە تەواوی ئەو کاروبارانەدا کە پەیوەندیان بەوەوە هەیە ئێجگار جیددی لە یاسا و دەستووردا پارێزراوە.
ج

جێگۆرکێی پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتى ئازاد (Avohuollon sijoitus)

دەتوانرێ منداڵ جێگۆرکێ بکرێت وەك یاریدەدەرییەکانی بەشی پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتى ئازاد بۆ ماوەیەكی کورت کە بەتەنیا یان لەگەڵ سەرپەرشتکارانی لە دەرەوەی ماڵی خۆی بژی. جێگۆرکیەکە ئارەزوومەندانەیە و پێکەوە لەگەڵ سەرپەرشتکاران و منداڵەکە نەخشەی بۆ دەرێژرێت. یاسای منداڵپارێزی  سەرەتا لەوێوە دەست پێدەکات کە منداڵ لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ سەرپەرشتکارانی جێگۆڕکێ دەکرێن. جێگۆرکێی هەموو خێزانەکە دەتوانرێ لە بنکە بێت یان دەشتوانرێت لە چاودێری خێزاندا ریکبخریت. جێگۆرکیەکە لەوانەیە پێویست بێ، تا بتوانرێ لەسەرخۆ و بەئارامی پێویستی یارمەتی و توانابەخشین بە منداڵ و خێزانەکە هەڵبسەنگێندرێ. جێگۆرکێی کاتیش لەوانەیە پێویست بێت، ئەگەر بۆ سەرپەرشتکردنی مندالەکە پێویست بکات بەشێوەیەکی کاتی رێکبخرێت، بۆ نموونە بە هۆی نەخۆشی دایکەکە یان باوکەکەوە یان بەهۆی ئەوەی دایکی تازە منداڵی بووە

جێگۆڕکێ (Sijoitus)

جێگۆڕکێ بەو مانایەیە کە منداڵ بە سەرپەرستی جێگرەوە ئەسپێردرێت، واتای ئەمەش ئەوەیە کە پێڕاگەیشتن و پەروەردەی منداڵ لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەنجام دەدرێت.

جێگۆڕکێ وەك کردەیەکی یاریدەدەرانەی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد (Sijoitus avohuollon tukitoimena)

مەبەست لە جێگۆڕکێ وەك کردەیەکی یاریدەدەرانەی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد وەزعیەتێکە کە تێیدا منداڵ یان هەموو ئەندامانی خێزانەکە پێکەوە بۆ ماوەیەکی کورت جێگۆڕکێیان پێ دەکرێ و لە شوێنێکی دەرەوەی ماڵ نیشتەجێ دەکرێن. جێگۆڕکێ وەک کردەیەکی یاریدەدەرانەی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد، خزمەتگوزارییێکە کە هەمیشە دڵخوازانە ئەنجام دەدرێت.

جێگۆڕکێی بە پەلە (Kiireellinen sijoitus)

مەبەست لە جێگۆڕکێی بەپەلە ئەوەیە کە منداڵێك کە لە مەترسیدایە دەستوبرد لە ماڵ بهێندرێتە دەر و لە شوێنێکی تر جێگیر بکرێت. پێویستی بە جێگۆڕکێی بەپەلە کاتێك دێتە ئاراوە کە بۆ نموونە بارودۆخی ماڵەوە یان کەم وکورتیەکان لە سەرپەرشتکردنی منداڵەکەدا دەستبەجێ تەندروستی یان گەشەکردنی منداڵەکە دەخاتە مەترسیەوە یان کاتێك کە سەرپەرشتکارانی منداڵەکە بەشێوەیەکی کاتی توانای پێڕاگەیشتنیان بە منداڵەکەدا نامێنێ و ئەوەش تەندروستی و گەشەکردنی منداڵەکە دەخاتە مەترسیەوە. جێگۆڕکێی بەپەلە دەکرێت لانی زۆر ماوەی ٣٠ رۆژ بخایەنێت. لە هەندێ دۆخی دیاریکراودا دەکرێت ماوەکە ٣٠ رۆژی تر درێژ بکرێتەوە.
خ

خانەى پاراستن (Turvakoti)

خانەى پاراستن شوێنێکە بۆ داڵدەدانی ئەو کەسانەی رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە یان مەترسی بەرتوندوتیژی کەوتنیان لە سەرە. دەکرێ لە هەر کاتێکی شەوورۆژدا بە تەنهایی یان لە گەڵ منداڵەکاندا پەنا ببردرێتە بەر خانەی پاراستن. خانەی پاراستن لە شارە گەورەکاندا هەیە، بەڵام دەکرێ هانا بۆ خانەی پاراستن لە شارەکانی تریشەوە ببرێت.

خانەى پاراستنی لاوان (Nuorten turvatalo)

خانەکانى پاراستنی لاوان بۆ سەرکەوتن بەسەر هەلومەرجە دژوارەکانی ژیاندا، یارمەتى لاوان و خێزانەکانیان دەدات کە پێویستیان بە یارمەتیە.

خانەى منداڵان (Lastenkoti)

خانەى منداڵان دەزگایەکی پارێزگاری لە منداڵانە کە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو منداڵ و لاوانە تەرخانکراوە کە خراونەتە شوێنی چاوەدێری‌یەوە. لە خانەى منداڵاندا کارمەندانى ڕاهێنراو ئەرکى چاودێریکردنى ئەو منداڵ و لاوانەیان لە ئەستۆیە کە بۆ ئەوێ راگوێزراون. خانەکانی منداڵان لە فینلاند، هەر وەک ماڵی ئاسایی وان و زۆریش گەورە نین. کاروباری خانەکانی منداڵان بە گوێرەی یاسا بەڕێوەدەچن و، لە ژێر چاوەدێریشدا ئەنجام دەدرێن.

خزمەتگوزاریە یاساییەکانی خیزانی (Perheoikeudelliset palvelut )

لە خزمەتگوزاریە یاساییەکانی شارەوانی بۆ خێزندا یارمەتی کاتێك پێشکەش دەکرێت، کە دایك وباوکەکە خەرێکە جیادەبنەوە. لەوێدا لە پەیوەند بە رێکەوتندا یارمەتی منداڵان دەدرێت هەروەها بۆ ڕوونکردنەوە و بەشوێندا چوونی بابەتەکان بۆ نموونە لە پەیوەند بە بابەتی باوکایەتی، سەرپەرشتی منداڵ و بەخێوکردنیان. هەروەها لەوێدا یارمەتی پێشکەش دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان، ئەگەر دایك وباوکەکە بۆ قورس بێت لەسەر بابەتەکانی سەرپەرشتی و بینینی منداڵ رێکبکەون. پێکهاتن لەسەر بابەتی خێزان و کاری چاودێری منداڵ سەر بەم خزمەتگوزاریانەن.

خستنە ژێر سەرپەرشتیى کاربەدەستان (huostaanotto)

خستنە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستان بە ماناى ئەوەیە، کە بەرپرسیاریەتیی سەرپەرشتی و پەروەردەکردنى منداڵ دەخرێتە ئەستۆی کاربەدەستانەوە. بە پێى یاسا ئەگەر تەندروستی و گەشەی منداڵ بەهۆی ئەو هەلومەرجەوە کە تێیدا پەروەردە دەبێ یا خود بە هۆی شێوەی هەڵسوکەوتی منداڵ خۆیەوە، بەرەوڕووی مەترسیی جیددی ببێتەوە، دەبێ منداڵ بخرێتە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستانەوە. هەڵبەت، منداڵ تەنها لە کاتێکدا دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستانەوە کە ئەو کارە لە بەرژەوەندیی منداڵەکدا بێت و یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد نیشانی داوە کە کافی نین.

خستنە ژێرسەرپەرشتی زۆرەملێ (Tahdonvastainen huostaanotto)

خستنە ژێرسەرپەرشتی خۆرەملێ بەو دۆخە دەوترێ کە تێیدا منداڵێك تەمەنی گەیشتبێتە ١٢ ساڵ یان سەرپەرشتەکانی خوازیاری خسنتە ژێرسەرپەرشتی منداڵ نەبن. لەو جۆرە بارودۆخەدا دەبێ مەسەلەکە لە لایەن دادگاوە یەکاڵا بکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، کارمەندی کۆمەڵایەتی بەرپرس لە کاروباری منداڵەکە، داوانامەیەکی تایبەت بۆ دادگای کارگێڕی بەرز دەکاتەوە و تێیدا پێشنیاریخستنە ژێرسەرپەرشتی‌ منداڵەکە پێشکەش دەکا. دادگای بەرێوەبەرایەتیش دوای تاووتوێی مەسەلەکە، بڕیاردەدا کە چی لە بەرژەوەندیی منداڵەکە دایە.

خێزانى جێگر (sijaisperhe)

خێزانى جێگر ئەو خێزانەیە کە لە ناو بنەماڵەدا بە منداڵ ڕائەگات و، منداڵێکیشی گرتۆتە خۆ کە ئەندامی بنەماڵە نیە بەڵام بەهۆی منداڵپارێزییەوە منداڵێکی جێگۆڕکێ پێکراو، لەوێ جێگر کراوە. خێزانی جێگر لە جێی خێزانی منداڵەکە خۆی، دەبێتە ژینگەی گەشەوە ژیانی منداڵ. دایک و باوکانی ناو خێزانی جێگر بەتایبەتی راهێندراون و بۆ ئەو کارە هەڵبژێردراون.
د

داخوازی (Hakemus)

دەکرى کاروبارى منداڵپارێزی بەو شێوەیەش دەست‌پێبکات، کە دایک و باوک یان منداڵ خۆى پەیوەندى بکات بە منداڵپارێزییەوە و داواى یارمەتى دەکات. ئەم دۆخەدا بە جێی دەستەواژەی ئاگادارکردنەوە بۆ منداڵپارێزی، چەمکی داخوازی بەکار دەهێنرێت.

دادگای کارگێری (Hallinto-oikeus)

دادگاى کارگێڕی بەشێکى دەزگاى دادە، کە تاوتوێى ئەو سکاڵایانە دەکات کە لەسەر بڕیارەکانى کاربەدەستانى جیاواز بەرزکراونەتەوە. لەو حاڵەتانەدا کە پێوەندی بە منداڵپارێزییەوە هەیە، دادگای کارگێڕی هاوکات لایەنی بڕیاردەریشە. دەستور مەرج دادەنێ، کە لە هەموو رێکارە گشتیەکاندا یاسا پەیڕەو بکریت. لەسەر بڕیاری کاربەدەستان بەگشتی دەتوانرێ سکاڵا بکرێت، وە دەبێ لەگەڵ دەرکردنی بڕیارەکەدا ئەو ئاگاداریەش بدرێت کە چۆن و بۆ کوێ دەتوانرێ سکاڵا لەسەر بڕیارەکە بکرێت.  دادگای کارگێڕی مامەڵەی سکاڵا تایبەتیەکانی کەسەکان و کۆمەڵەکان دەکا کە لەسەر  بڕیارەکانی کاروباری بەڕێوەبەرایەتی کاربەدەستان کراوە.

دایك و باوکى جێگر (Sijaisvanhemmat)

بە دایک و باوکی ناو خێزانی جێگر دەوترێ دایک و باوکی جێگر. ناوێکی تر بۆ ئەو دایک و باوکە جێگرانە، پێڕاگەری خێزانی‌یە.

دەروونناسی فێرگە (Koulupsykologi)

دەروونناسی فێرگە یارمەتی لەپەیوەند بە گەشەکردن، چوونەپێشەوە و فێرکاری منداڵ دەدات. ئەو دەتوانێ هەڵسەنگاندن بکات، کە ئایا منداڵەکە کێشەی فێربوونی هەیە و یارمەتی دەدات تا چارە بۆ ئەوانە بدۆزێتەوە. هەروەها دەتوانرێ پەیوەندی بە دەروونناسی فێرگەوە بکریت، ئەگەر خەم ونیگەرانی سەبارەت بە باری دەروونی و هەست وسۆزەوە هەبیت.

دەزگاى منداڵپارێزی (Lastensuojelulaitos)

دەزگاى منداڵپارێزی دەزگایەکە، کە تێیدا کارمەندانى ڕاهێنراو ئەرکى پێراگەیشتن بەو منداڵ و لاوانەیان لە ئەستۆیە کە بۆ ئەوێ راگوێزراون. دەزگاکانی منداڵپارێزی بۆ نموونە بریتین لە خانەى منداڵان، خانەى لاوان، خانەکانى پێشوازى، خانە خوێندنگەییەکان و ناوەندەکانى هاوپشتیی خێزان. جگە لە خزمەتگوزارییەکانی ناو دەزگاکان، ئەم دەزگایانە ئەتوانن خزمەتگوزاری چاودێریی ئازاد و چاودێریی پاشینە پێشکەش بکەن. ئەم دەزگایانە لە فنلەندا، هەر وەك ماڵی ئاسایی وان و زۆر گەورە نین. ئەو دەزگایانە  لە کاروبارەکانیاندا پەیڕەوی لە یاسا دەکەن  و کارەکانیشیان لە ژێر چاوەدێریدا ئەنجام دەدرێت.
ر

رێکاریەکانی یارمەتی چاودێریی ئازاد (Avohuollontukitoimet)

ڕێکاریەکانی یارمەتی چاودێریی ئازاد بە جۆرێک لە خزمەتگوزاریی تەرخانکراو بۆ خێزانەکان دەوترێ کە لەمیانەیەوە منداڵەکان و دایك و باوکەکانیان، هەر لە ژینگەکەى خۆیاندا یارمەتی دەردرێن. ڕێکاریەکانی یارمەتی چاودێریى ئازاد، جۆرە خزمەتگوزارییەکی دڵخوازانەیە و لەسەر بنەماى کارى هاوبەش لەگەڵ خێزاندا بنیات دەنرێن. ئەو جۆرە خزمەتگوزارییە یاریدەدەرانە هەمیشە بە پێی تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان و بەشێوەیەك نەخشەی بۆ دادەندرێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی منداڵ و خێزانەکەی بێت. ئەم یاریدەدەرییانە دەکرێ بە تەنیا بۆ منداڵەکە یان بەتەنیا بۆ دایك و باوکەکە یان هاوکات بۆ هەموو خێزانەکە رێکبخرێت. پێویستی بە خزمەتگوزارییەکانی یاریدەدەر لە نەخشەی کەسی داواکاردا تۆمار دەکرێت. سەبارەت بەو خزمەتگوزارییە یاریدەدەرانەی پەسندکراون کاربەدەست بڕیار دەردەکات. خێزانیش دەتوانێ داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات.

رێگاکانی مافپارێزی (Oikeusturvakeinot )

رێگاکانی مافپارێزی بۆ سەلامەتی وئاسایشی کاردار دارێژراوە. ئەگەر پێت وایە لە کاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکەدا یان لە بابەتی مناڵپارێزیدا بەخراپی مامەڵەت لەگەڵ کراوە، ئەوا دەتوانیت بابەتەکە بگەیەنیتە لایەنی سەرووتر تا بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت. مەبەستەکە پاراستنی مافەکانی کارداری چاودێریی کاروباری کۆمەڵایەتی یان مناڵپارێزە وبەکردەوە زەمانەتکردنی بەئەنجام گەیاندنی مافەکانە. کاربەدەستان ئەرکیانە ڕاوێژ بدەن، وە کارداریش مافی هەیە کە تێگەیشتنی خۆی بە گوێی کاربەدەست بگەیەنێ. وە بۆ چوونە پێشەوەیشی لەسەر رێکاری تایبەتی رێکەوتن کراوە.
س

سەرپەرشتکار (Huoltaja)

سەرپەڕشتکاران بە گشتی دایك وباوکی منداڵەکەن. سەرپەڕشتکار دەتوانێ تەنیا یەكێكیان بێت، کە لێرەدا پێی دەڵێن سەرپەرشتکاریی تەنیا. لەکاتی پێویستدا دەتوانرێ وەك سەرپەرشتکار کەسێکی تر لە جیاتی دایك وباوك دیاری بکرێت. سەرپەرشتکار دەبێ چاودێری منداڵ بکات و بڕیار لەسەر کاروبارەکانی منداڵەکە بدات. ئەو دەبێ خۆشگوزەرانی و هاوسەنگی گەشەکردنی منداڵەکە دابین بکات و گوێ لە بیروبۆچوونی منداڵەکە بگرێت.

سەرپەرشتی خوێندکار (Oppilashuolto)

سەرپەرشتی خوێندکار پشتیوانی لە فێربوون و هەروەها لە تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵ لە فێرگەدا دەکات. بۆی هەیە یارمەتی منداڵێك بەتەنیا بکات یان هەموو فێرگەکە/پۆلەکە بۆ بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی بۆ نموونە لە پەیوەند بە پێشگیری لە ئازاردانی مندالەکە. لە فێرگەدا خزمەتگوزاریەکانی سەرپەرشتی خوێندکار لەلایەن یاریدەدەری بەشی کۆمەڵایەتی فێرگە، دەروونناسی فێرگە وهەروەها سستەری فێرگە و دوکتۆرەوە پێشکەش دەکرێت. لایەنەکانی پەیوەندیدار بە سەرپەڕشتی خوێندکارەوە لە کاتی پێویستدا پێکەوە کاردەکەن هەروەها هاوکاری دەکەن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە منداڵان و لاوان دەکەن. ئەگەر منداڵێك پێویستی بە یارمەتی سەرپەرشتی خوێندکار هەبوو، ئەوا لەگەڵ سەرپەرشکارانی بیر لە ئەگەری ئەو رێگایانە دەکرێتەوە بۆ یارمەتی منداڵەکە. سەرپەرشتی خوێندکار وەك تاك لەسەر بنەمای خواستی ئارەزوومەندانە و بەپێی مەرجی ڕازی بوونی منداڵەکە و لەکاتی پێوێستدا بە رەزامەندی دایك وباوکی جێبەجێ دەکرێت.
ف

فێرکاریى بەرایی (Esiopetus)

هەموو ئەو منداڵانەى کە تەمەنیان لە ژێر تەمەنى دەستکردن بە خوێندن لە قوتابخانەیە، فێرکاریی بەراییان بۆ دابین دەکرێ. فێرکاریی بەرایی منداڵ بەگشتى لەو ساڵەدا دەست پێ دەکات کە شەش ساڵ لە تەمەنى پڕدەکاتەوە. لە میانەی فێرکاریى بەراییەوە، منداڵ لە ڕێگەى یاریکردن و کاری هاوبەش و بەکۆمەڵەوە، لەو زانیاری و شارەزاییانە ڕا دێت کە بۆ قوتابخانە پێویستن. هەموو منداڵێک مافى ئەوەى هەیە کە بەشداری لەو فێرکارییە بەراییاندا بکات کە شارەوانى بەبێ بەرامبەر ڕێکى دەخات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە سەر بەشداریکردن یان نەکردنی منداڵ لەو فێرکارییە بەراییەدا، لە دەست دایک و باوکەکان دایە. لە فینلەند، فێرکاریى بەرایی، یان لە باخچەکانى ساوایان ڕێکدەخرێت یان لە قوتابخانەکاندا.

فێرکاریى تایبەت/ مامۆستای تایبەت (Erityisopetus/erityisopettaja)

فێرکاریى تایبەت بۆ ئەو خوێندکارانە تەرخانکراوە کە لە خوێندنی فێرگەیاندا پێویستیان بە یارمەتى تایبەت هەیە. ئەشێ جۆرەها هۆکارى تایبەت هەبن بۆ ئەمە، لەوانە کێشەى فێربوون، نەخۆشى، دواکەوتن لە گەشەکردن و هۆکارەکانی دیکەی هاوشێوە. فێرکاریی تایبەت دەتوانرێت لە فێرگەکەی منداڵەکە هاوکات لەگەڵ فێرکاری گشتی ڕێک بخرێت. مامۆستای تایبەت مامۆستایەکە، کە توانایی مۆڵەتپێدراوی دیاریکراو و لێهاتوویی پەروەردەیی هەیە بۆ فێرکردنی خوێندکارێك کە پێویستی بە یارمەتی هەیە.
م

ماڵى خێزانى پیشەیی (Ammatillinen perhekoti)

ماڵى خێزانی پیشەیی، شێوازێکە لە چاودیری جێگر، کە دەکەوێتە نێوان سەرپەرشتی خێزان و بنکەوە. ئەمە مانای ئەوەیە کە مەبەست لە ماڵێکە کە مۆڵەتنامەی یاسایی بۆ ئیشکردن وەک ماڵێکى خێزانیى بۆدەرچووە. لە ماڵی خێزانیدا بەگشتی دوو کەسی پیشەیی دەژین، کە لێپرسراون بەرامبەر بە سەرپەرشتی و گەورە وگەشەبوونی منداڵێك کە جێگۆرکێی پێ کراوە.

منداڵپارێزی (Lastensuojelu)

منداڵپارێزی جۆرێکە لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و ئامانج لێی، دابینکردنی گەشە و پەروەردە و چاکژینییەکی هاوسەنگە بۆ منداڵ. منداڵپارێزی بە دوو شێوە ئەنجام دەدرێت؛ یان بە شێوەی کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو، یان بە شێوەی کارى پێشگیرانەی منداڵپارێزى.

مەڵبەندی خێزان (Perhekeskus)

لە مەڵبەندی خێزانەوە خێزانێك دەتوانێ یارمەتی و خزمەتگوزاری بەدەست بهێنێت.  مەڵبەندەکە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، خزمەتگوزاریە رۆشنبیریەکان و هەروەها چالاکیەکانی رێکخراوەکان و کلێساکان و باقی کۆمەڵە ئایینیەکان پێکەوە گرێدەداتەوە. کارمەندانی مەڵبەندی خێزان بەچڕوپڕی پێکەوە کاردەکەن، تا خێزانەکان بەئاسانی یارمەتی پێویستیان پیشکەش بکرێت. شوێنەکانی یەکتربینینی خێزانەکان بەشێكن لە مەڵبەندەکانی خێزان. لە شوێنی یەکتربینیندا دەتوانرێ خێزانی تر ببینیت و ڕاوێژیش وەربگریت سەبارەت بەوەی کە ئەگەر پێویستی کرد  لەکوێوە یارمەتی زیاتر بەدەست بهێنیت.
ن

نەخشەی کاردار (Asiakassuunnitelma)

نەخشەی کاردار بە کاغەزێك دەوترێ کە ئەو بابەت و باسانەی تێدا دەنووسرێن، کە لەسەر بنەمای ئەوانە منداڵ و  بنەماڵەکەی پێویستیان بە یارمەتى هەیە، وە هەوڵ دەدرێت گۆڕانکاری بەسەردا بهێنرێت. لەم نەخشەیەدا ئەوەش دیاری دەکرێ کە ئاخۆ بەشی منداڵپارێزی بە نیازە بە کام شێوانە و لە چ ماوەیەکدا یارمەتی منداڵەکە و خێزانەکەی بدات. ئەو منداڵەی کە بۆتە کەسی کارداری بەشی منداڵپارێزی، پێویستە هەمیشە نەخشەی کەسی کارداری بۆ دابرێژێت. هەروەها پێویستە کە ئەو نەخشەیە بە گوێرەی پێویست و لانی کەم ساڵی جارێك چاوی پێدا بخشێندرێتەوە. بۆ دایك و باوکەکەش، دەکرێ بە پێی پێویست نەخشەی کەسی کارداری تایبەت بە خۆیان بۆ دابرێژرێت.

نەفەقە (Elatusapu)

دایك وباوك هەردووکیان بەرپرسیارن لە بەخێوکردنی مندالێ خوار تەمەن ١٨ ساڵ، تەنانەت ئەگەر پێکیشەوە نەژین. کاتێك دایك وباوك لەیەکتر جیادەبنەوە دەبێ سەبارەت بە بەخێوکردن و ئەگەری دانی نەفەقەی منداڵەکانیان رێکبکەون. نەفەقە بڕی پارەیەکە، کە ئەو دایکە یان باوکەی ئەرکی بەخێوکردنەکەی لەئەستۆیە بەشێوەی دەورەیی بەوی تریان بدات بۆ ئەوەی بەشداری لەو خەرجانە بکات کە لە ئەنجامی بەخێوکردنی منداڵەکەوە سەرف دەبیت. دۆخەکە لەوانەیە بۆ نموونە بەو شێوەیە بێت، ئەگەر دایکەکە یان باوکەکە بەشێوەیەکی تر سەرپەرشتی بەخێوکردنی منداڵەکەی نەکات، هەروەها ئەگەر منداڵەکە لەلای ئەو نەژی. بۆ بڕی پارەی نەفەقەکە پێویستیە کەسیەکانی منداڵەکە و توانایی دانی بڕی پارەی دایك وباوکەکە ئەژمار دەکرێت. لەسەر دانی نەفەقە پێویستە ڕێکەوتنامەی نووسراو بکرێت، کە شوورای کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەندی دەکات.

نووسینگەی کاروبارى کۆمەڵایەتى یان فرمانگەی کۆمەڵایەتى (sosiaalitoimisto tai sosiaalitoimi)

لە هەر شارێکدا نووسینگەی کاروباری کۆمەلایەتی یان فرمانگەی کۆمەڵایەتی هەیە، کە خزمەتگوزاری و یارمەتی بژێوی پێشکەش بە دانیشتووان دەکا. خزمەتوگزارییەکانی پێوەندیدار بە منداڵپارێزیش هەر لە ئەستۆی نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی یان فرمانگەی کۆمەڵایەتی‌یە.
ه

هەڵسەنگاندن بە پێویستی خزمەتگوزاری (Palvelutarpeen arviointi)

کاتێك کارمەندی سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی زانیاری پێ دەگات سەبارەت بە کەسێك کە پێویستی بە سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی هەیە، کارمەندەکە دەستبەجێ هەڵیدەسەنگێنێ، کە ئایا کەسەکە بە پەلە پێویستی بە یارمەتی هەیە. بۆی هەیە کەسەکە خۆی پەیوەندی بە سەرپەرشتی کۆمەلایەتیەوە گرتبێ یان زانیاری لە کاربەدەستێکی ترەوە هاتبێ. کارمەندەکە ئەندامانی خێزانەکە بۆ چەندین جار لەگەڵیان دادەنیشی و دەیانبینێ، و پێکەوە لە دۆخەکە دەکۆڵنەوە و هەروەها ئەوەیش کە ئەو خزمەتگوزایانەکامانەن کە پێویستن بۆ ئەو دۆخە. خەمڵاندنی پێویستی بە خزمەتگوزاری دەبێ لە ماوەی سێ مانگ لە پێشکەش کردنی بابەتەکە ئەنجام بدرێ.

هەڵسەنگاندن سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی (Lastensuojelutarpeen selvitys)

هەڵسەنگاندن سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی بەو مانایە دێت کە کارمەندی بواری کۆمەڵایەتی بارودۆخی منداڵەکە و دەرفەتی دایك وباوك سەبارەت بە پێراگەیشتن بە منداڵەکە و پەروەردەکردنی هەڵدەسەنگێنێ. ئەگەر هاوکات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی پێویستی منداڵپارێزی دەربکەوێت کە پێویست بە خزمەتگوزاریەکانی منداڵپارێزی دەکات، ئەوا داواکارەکە کاروباری مشتەری بوونی بۆ منداڵپارێزی دەست پێدەکات.
و

وتووێژ لە گەڵ کەسوکاری نزیک (Läheisneuvonpito)

وتووێژکردن لەگەڵ کەسوکاری نزیکدا شێوازێکی کارکردنە کە بە هۆیەوە هەوڵ دەدرێت کە بە ڕاوێژ لە گەڵ کەسوکاری نزیک و خێزانی منداڵەکەدا، چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە. لە میانەی وتووێژ لە گەل کەسوکاری نزیک سەبارەت بە منداڵەکە، کەسە گرینگەکانی منداڵ و کاربەدەستان رووبەڕووی یەکتر دەبنەوەو پێکەوە وتووێژ دەکەن.
پ

پەروەردەی منداڵی بچوك (Varhaiskasvatus)

پەروەردەی منداڵی بچوك بۆ منداڵانی خوار تەمەن فێرگەیە. ئەوەش دەتوانرێ لە باخچەی ساوایان و لە سەرپەرشتی رۆژانەی خێزاندا رێکبخرێت، هەروەها وەك چالاکی یانەییش ئەنجام بدرێت. پەروەردەی منداڵی بچوك بریتیە لە پەروەردە، فێرکاری و سەرپەرشتی کە قەوارەیەكی تەواو پێكدەهێنێ کە لەسەر بنەمای ئەو ئامانج و ناوەرۆکانەن کە لەسەری رێککەوتوون. بۆ پەروەردەی منداڵی بچوك مامۆستا و کۆمەڵناسان و سەرپەرشتکارانی منداڵ کە خاوەن بڕوانامەی پەروەردەی منداڵی بچوکن، لەسەری کاردەکەن. سەرپەرشتکاران بڕیار دەدەن کە ئایا منداڵەکەیان لە پەروەردەی منداڵی بچوکدا بەشداری دەکات یان نا.

پەیوەندی کردن بە سەرپەرشتی کۆمەڵایەتیەوە بۆ هەڵسەنگاندنی پێویستی بە یارمەتی(Yhteydenotto sosiaalihuoltoon tuen tarpeen arvioimiseksi)

منداڵ یان سەرپەرشتکارەکەی دەتوانێ بۆ خۆی پەیوەندی بە سەرپەرشتی کۆمەڵایەتیەوە بکات و داوای یارمەتی بکات. هەروەها هەر کەسێكی تریش دەتوانێ پەیوەندی بکات، کە خەمی خۆشگوزەرانی منداڵەکەیە. بۆ نموونە کارمەندی فێرگە یان باخچەی ساوایان دەتوانێ پێکەوە لەگەڵ منداڵەکە یان لەگەڵ سەرپەرشتکارەکەی پەیوەندی بە فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتی شوێنی نیشتەجێی منداڵەکەوە بکات. ئەگەر پەیوەندیەکە پێکەوە لەگەڵ ئەندامی خێزانەکە نەتوانرێ بکرێت یان نەگونجاو بوو (بۆ نموونە لەبەر سەرقالی)، ئەوا ئەو ئەرکی سەرشانیەتی کە ئاگاداری بۆ منداڵپارێزی ڕەوانە بکات. دوای گەیشتنی پەیوەندیەکە دەست دەکرێت بە بەشوێنداچوونی بابەتەکە و پەیوندی بە سەرپەرشتکارانی منداڵەکەوە دەکرێت. هەموو پەیوەندیەك بەشوێنداچوونی بۆ دەکرێت و لەکاتی پێویستیشدا کاری خەمڵاندنی پێویستی بە خزمەتگوزاریەکە دەستی پێ دەکرێت.

پێراگەری خێزانی (Perhehoitaja)

پێڕاگەری خێزانی، کەسێکە کە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا یارمەتی بە خێزان پێشکەش دەکات بۆ نموونە بەو منداڵەی لە دەرەوەی ماڵەوە جێگۆڕکێی پی کراو.

پێراگەیشتنی خێزانی (Perhehoito)

مەبەست لە پێڕاگەیشتنی خێزانی ئەوەیە کە، ئەرکی پێراگەیشتن، پەروەردەکردن و خزمەتکردنى منداڵى جێگۆڕکێ پێکراو، لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆ لە لای ماڵ و خێزانێکی ئاسایی تر یان لە خانووی خێزانێکی پیشەییدا بەڕێوە دەچێت.

پێڕاگەیشتن لە بنکەدا (Laitoshoito)

مەبەست لە پێڕاگەیشتن لە بنکەدا ئەوەیە کە ئەرکی پێڕاگەیشتن، پەروەردە و چاوەدێریکردنی منداڵی چێگۆڕکێ پێکراو ڕادەستی بنکەیەکی تایبەت بە منداڵپارێزی دەکرێت.

پێڕاگەیشتنی جێگر (Sijaishuolto)

مەبەست لە پێراگەیشتنی جێگر ئەوەیە کە کاروباری پێڕاگەیشتن و پەروەردەی منداڵێك کە خراوەتە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستانەوە، ئەو منداڵەی بەشیوەی پەلە جێگۆڕکێی پێکراوە یان لەسەر بڕیاری کاتی دادگای کارگێڕی جێگۆركێ پێکراو لە دەرەوەی ماڵی خۆ رێکدەخرێت.

پێکهاتن لەسەر بابەتی خێزان (Perheasioiden sovittelu)

دەتوانرێ پەنا بۆ پێکهاتن لەسەر بابەتی خێزان ببرێ کاتێك، کە دایك وباوکەکە بیر لە جیابوونەوە دەکەن یان جیابوونەتەوە هەر. لەوێدا یارمەتی هاوسەرەکان دەدرێت کە رێگاچارە بۆ ناکۆکیەکانیان بدۆزنەوە لەرێگای پێکهاتنەوە. سەرنجی تایبەتی لەسەر بارودۆخی منداڵانە. لە پێکهاتنەکەدا هەوڵ دەدرێ ڕێگاچارە بدۆزرێتەوە، تا لەو رێگایەوە منداڵ بتوانێ پەیوەندی باشی خۆی لەگەڵ هەردووك دایك وباوکەکەدا بپارێزێ و هەروەها لە لەکاتی جیابوونەوەیشیاندا.
چ

چالاکی گروپی هاوتایی (Vertaistukitoiminta)

چالاکی گروپی هاوتایی یارمەتیەکە، کە لە وێدا دەتوانرێ لەگەڵ خەلکانی تردا ئەزموونەکانی خۆیان بۆ یەکتر باس بکەن، ئەوانەی کە بە دۆخی وەك یەكدا تێپەڕیون وە یان بە هەمان بارودۆخدا تێپەردەبن. لەو چالاکیەدا گوێ لەیەکتر دەگیرێ و ئەزمونەکان دەگۆڕنەوە. کەس کەسیتر فێر ناکات یان چارەسەری پیشەیی پێشکەش ناکات، بەڵکوو لە رێگەی گوێگرتن لەوانی ترەوە فێری تێگەیشتن لە ئەزمونەکانی خۆیان دەبن.

چاودێری منداڵ (Lastenvalvoja)

لەلای چاودێری منداڵ لەسەر سەرپەرشتیکردنی منداڵ و مافی منداڵ بۆ بینینی دایك وباوکی وهەروەها لەسەر دانی نەفەقە دوای جیابوونەوە رێکەوتن بکرێت. چاودێری منداڵ لەسەر ناوەرۆکی رێکەوتنەکە بڕیار نادات، بەلکوو ئەرکەکەی ئەوەیە یارمەتی دایك وباوکەکە بدات بۆ داڕشتنی رێکەوتنەکە و چاودێری ئەوە بکات کە رێکەوتنەکە لە دژی بەرژەوەندی منداڵەکە نەبێت. چاودێری منداڵ دەشتوانێ باوکایەتی و دایکایەتی منداڵەکە پەسەند بکات.

چاودێریى پاشینە (Jälkihuolto)

چاەودێریى پاشینە ئەو پشتگیری و یارمەتیانەیە کە لەدواى کۆتاییهاتنى ماوەى جێگۆرکێی منداڵ بۆ شوێنی چاوەدێری، رێکدەخرێت. مەبەست لە چاودێریی پاشینە کارئاسانییە بۆ گەڕانەوەی منداڵەکە یان لاوەکە بۆ ماڵەوە یان بۆ سەربەخۆبوونی. چاوەدێریى پاشینە دەکرێت تا ئەو کاتەی لاوەکە تەمەنی ٢٥ سالی پڕدەکاتەوە درێژە بکێشێ.
ڕ

ڕاوێژکردن سەبارەت بە کەسی نزیك (Läheisneuvonpito)

ڕاوێژکردن سەبارەت بە کەسی نزیك شێوەیەکە لە کارکردن، کە لەوێدا هەوڵ دەدریت پێکەوە لەگەڵ منداڵەکە و خێزانەکەی رێگاچارەیەك بدۆزنەوە بۆ کێشەیان لەگەڵ کەسە نزیك وگرنگەکانیاندا. لە کاتی ڕاوێژکردن سەبارەت بە کەسی نزیكدا لەپەیوەند بە بابەتەکانی منداڵ، کەسە گرنگەکان و کاربەدەستان بەرامبەر یەکتر دادەنیشن و پێکەوە قسەوباس دەکەن.

ڕاوێژگاى دایکان و منداڵان (Äitiys- ja lastenneuvola)

خزمەتگوزارییەکانی ڕاوێژگەی تەندروستی دایکان لە وڵاتی فینلەند، بە خۆڕایی‌یە. ئەم ڕاوێژگانە لە بواری چاوەدێریکردنی تەندروستیی منداڵیشدا چالاکن. دایک هەر لە دەسپێکی قۆناغی سکپڕییەوە هاتوچۆی راوێژگەی تەندروستی دەکات. تەندروستیی دایک و کۆرپەڵە هەر لە سەرەتای سکپڕیی دایکەوە دەکەوێتە ژێر چاوەدێریی راوێژگەی تەندروستی. هەر لە راوێژگەی تەندروستیی منداڵان، گەشە و گەورەبوونی منداڵی ژێر تەمەنی فێرگەش، دەخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە. وەک نموونە دەکرێ باسی ئەوە بکەین کە منداڵ لە راوێژگە، ڤاکسێنە پویستییەکان وەردەگرێت.

ڕاوێژگای خێزان/راوێژی پەروەردە – یان هی خێزان (Perheneuvola/kasvatus- tai perheneuvonta)

ڕاوێژی پەروەردە و خێان پشتیوانی لە گەشەکردنی منداڵ ولاو، لە دایکایەتی و باوکایەتی و هەروەها لە پەیوەندی هاوسەرێتی دایكان وباوکان دەکات. خێزانەکان دەتوانن یارمەتی لە پسپۆڕانەوە بۆ کێشەی منداڵان و خێزان داوا بکەن. کێشەکان بۆی هەیە پەیوەندیان بە گەشەکردنی یان بە هەڵس وکەوتی منداڵەوە هەبێ یان بە ناکۆکی نێوان دایك وباوکەکەوە و بە کێشەکانی باری ژیانەوە هەبێ. ڕاوێژی پەروەردە و خێزان بەگشتی لە ڕاوێژگای خێزانی سەر بەشارەوانیەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام جاروبار لەپەیوەند بە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکانەوە و هەندێ جاریش وەك هاوکاری نێوانی شارەوانیەکان ئەنجام دەدرێن.

ڕوونکردنەوەی بارودۆخ (Olosuhdeselvitys)

دادگا دەتوانێ بۆ ئەنجامدانی بەشوێنداچوون و ڕوونکردنەوەی بارودۆخ داوا لە فەرمانگەی کۆمەڵایەتی بکات، کە بە یارمەتی ئەوان دەتوانی زانیاری لەسەر بارودۆخی منداڵەکە و دایك وباوکی بەدەست بهێنێت کاتێك، کە کێشەی سەرپەرشتکاری یەکلایی دەکرێتەوە. داوای ڕوونکردنەوەکە تەنیا دادگا دەتوانێ بیکات، کاتێك ببینێت کە پێویست بە بەدەستهێنانی هەموو زانیاریە پێویستیەکان دەکات تا بابەتەکە یەکڵایی بکاتەوە. لە ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکەدا دید وبۆچوۆنی منداڵەکە و دایك وباوکیشی لەسەر بابەتەکە دەنووسریت هەروەها ئەو بابەتانەیش کە، کاریگەری دادەنێن لەسەر دەرفەتی دایك وباوکەکە تا وەك سەرپەرشتکاری منداڵەکە و بەخێوکەری ببن.
ک

کارمەندى خێزانی (Perhetyöntekijä)

کارمەندى خێزانی لە گەڵ بنەماڵە منداڵدارەکان کار دەکا و، لە راپەڕاندنی کاروئەرکی بەخێوکردن، پێڕاگەیشتن و پەروەردەی منداڵاندا و هەروەها لە کاروباری ناو ماڵدا، یارمەتی بە دایک و باوکی ناو ئەم جۆرە بنەماڵانە، دەکا.

کارمەندى کاروباری کۆمەڵایەتى پێوەندیدار بە منداڵپارێزی (Lastensuojelun sosiaalityöntekijä)

کارمەندى کاروباری کۆمەڵایەتى پێوەندیدار بە منداڵپارێزی لە کەرتی گشتی کاردەکات. ئەرکی ئەو مامەڵەکردنی کاروباری داواکارانی منداڵپارێزی‌یە و هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانە لە پەیوەند بە هەر داواکارێك وەك نەخشەدانان، رێکخستنی کاروبارەکان و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنە. بە گوێرەی یاسا، کارمەندی کاروباری کۆمەڵایەتی پێوەندیدار بە منداڵپارێزی دەبێ کەسێکی پیشەیی بێت و خوێندەواری لە بواری کاروئەرکەکەیداهەبێت.

کارمەندى کۆمەڵایەتى بەرپرس لە کاروبارى منداڵ (Lapsen asioista vastaava sosiaalityöntekijä)

بۆ هەر کەسێك کە سەردانی بەشی کاروباری منداڵپارێزی بکا، کارمەندێکی کۆمەڵایەتی بەپرس لە کاروباری منداڵ دیاری‌دەکرێ، کە ئەرکی سەرشانی بریتیە لە پێڕاگەیشتن بە کاروبارەکانی منداڵ. ئەو لێپرسراو دەبێ لەوەی کە ئایا منداڵ پشتیوانی دەکرێت و ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ دابین دەکرێ کە پێویستیی پێیانە یان نا. ئەرکی کارمەندی کۆمەڵایەتی بەپرس لە کاروباری منداڵ ئەوەیە کە بەخەمی ئەوەوە بێت کە هەموو کاروبارەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی منداڵ جێبەجێ دەکرێن.

کارى پێشگیرانەی منداڵپارێزى (Ehkäisevä lastensuojelu)

کارى پێشگیرانەی منداڵپارێزى ئەو جۆرە کاروبارانە لە خۆ دەگرێت کە لە پێناوی پارێزگاری لە منداڵدا لە لایەن ناوەندە جیاجیاکانەوە رێکدەخرێن و گەشە و پەروەردە و خۆشگوزەرانی منداڵ دەکەن بە ئامانج و هەروەها پشتیوانی لە دایکان و باوکانیش دەکەن. کاری پێشگیرانەی منداڵپارێزی یارمەتیەکی تایبەتە لەلایەن شارەوانیەوە یان لایەنەکانی تری ناوچەکە پێشکەش دەکرێت بەو منداڵ وەیان خیزانەی کاتێك کارداری بەشی منداڵپارێزی نین. کاروباری پێشگیرانەی منداڵپارێزی بۆ نموونە لە راوێژگای تەندروستیی دایکان و منداڵان هەروەها لە ناوەندەکانی دیکەی تەندروستی و چارەسەری، لە پەروەردەی منداڵی ساوادا، ناوەندەکانی خوێندن و بەشی بواری کاروباری لاواندا، جێبەجێ دەکرێت. (یاسای منداڵپارێزی بڕگەی ٣ أ)

کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو (Lapsi- ja perhekohtainen lastensuojelu)

کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی پێویستیی پارێزگاری لە منداڵ وە داڕشتنی نەخشەی کەسی داواکار و هەروەها رێکخستنی کاروبارەکانی پشتیوانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد، ئەنجام دەدرێت. بوارەکانی جێگۆڕکێی منداڵ لە دەرەوەی ماڵەوە، پێڕاگەیشتنی جێگر و هەروەها چاوەدێریی پاشینەش بریتین لە کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو.

کاریی خێزان (Perhetyö)

کاریی خێزان بەو کاروبارانە دەوترێ کە بە هۆیانەوە توانایی ئەوە بە بنەماڵە دەبەخشدرێ کە خۆی لە هەلومەرجە جیاجیاکانی ژیاندا، ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێت. ناوەرۆک و شێوازی خزمەتکاریی یە خێزانییەکان بە گوێرەی شارەکان گۆڕانی بە سەردا دێت.

کردارى سنووردانان (Rajoitustoimenpide)

کردارەکانی سنووردانان کە لە پێڕاگەیشتنی جێگیردا بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە بریتین لە سنووردارکردنی پێوەندیگرتن، پشکنینی لەش و دەستبەسەرکردنە. هەموو جۆرەکانی کرداری سنووردانان و مەرجەکانی گرتنەبەری رێوشوێنی سنووردانان، بە وردی لە یاسادا دیاری کراون. ئەو کردارە سنووردانەرانە تەنها لە چوارچێوەی دەزگاکانی چاوەدێریدا ئەنجام دەدرێن. تەنها سنووردانان بۆ پێوەندیگرتن ئەو حاڵەتەیە کە لە بواری پێڕاگەیشتنی خێزانیشدا، پەیڕەو دەکرێت.
ی

یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتیى فێرگە (Koulukuraattori)

یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتی فێرگە کارمەندی بواری کۆمەڵایەتی ناو فێرگەیە و ئەرکەکەی بریتی‌یە لە یارمەتیدان و هاوکاریی خوێندکاران و خێزانەکانیان. بۆ نموونە یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتیی فێرگە یارمەتی ئەو خوێندکارانە دەدا کە لە خوێندندا یان لە پێوەندییەکانیاندا لە گەڵ هاوڕێکانیان کێشەیان هەیە یان ئەوەتا گۆڕانکارییەکی تر لە هەلومەرجی ژیانیاندا پێک هاتوە. دایک و باوکەکانیش دەتوانن سەبارەت بە هەلومەرجی ناو ماڵ یان بابەتەکانی دیکەی پێوەندیدار بە پەرەوەردە، لەگەڵ یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتی فێرگە گفتوگۆ بکەن.

یاساى منداڵپارێزی (Lastensuojelulaki)

یاساى منداڵپارێزی، رێساکانی پەیوەندیدار بە منداڵپارێزی دیاری دەکا. لە پاڵ یاسای منداڵپارێزیدا لە یاسای چاودێری کۆمەڵایەتیشدا، لە یاسای سەرپەرشتی منداڵ و مافی منداڵ بینیندا و هەروەها لە رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵیشدا پارێزگاری و شێوەی مامەڵە لە گەڵ منداڵ دیاری دەکات.
دایبخه