دەستپێکردنی هەڵسەندگاندنی کاروباری منداڵپارێزی یان سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی

زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کانی بوون بە داواکار لەلای منداڵپارێزی یان سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ست پێده‌کا که‌ دایک‌وباوکەکە یان منداڵ بۆ خۆی پێوه‌ندی به‌ به‌شی منداڵپارێزییه‌وه (فرمانبه‌ری کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شی منداڵپارێزی)‌ ده‌که‌ن و داوای یارمه‌تییان لێ ده‌که‌ن. هەروەها بابەتەکە دەتوانێ کاتێك دەست پێ بکات کە بۆنموونە پێشەوەرانی فێرگە یان باخچەی ساوایان لەگەڵ خێزانەکەدا پەیوەندی بە کارمەندی خزمەتگوزاری کاروباری کۆمەڵایەتیەوە دەکەن، بۆ بتوانرێ پێویستی منداڵەکە و خێزانەکە بە یارمەتی هەڵبسەنگێندرێ.

هەروەها کاروبارەکان دەتوانرێ لە رێگەی ئاگادارکردنەوەی منداڵپارێزیەوە دەست پێ بکات. ئاگادارکردنەوەی منداڵپاریزی هەر کەسێک دەتوانێ ئەنجامی بدات، کە نیگەرانی باشگوزەرانی منداڵەکەیە و دەکرێت بە بێ ئەوەی ناوی خۆی بهێنێت ئەم ئاگاداریە بکات.
زۆرێك لەوانەی کە کار لەگەڵ منداڵ و خێزاندا دەکەن ئەرکی سەرشانیانە کە ئاگاداری منداڵپاریزی ئەنجام بدەن. بۆ نموونە کارمەندانی سەرپەرشتی رۆژانە و فێرگە دەبێ ئاگاداری منداڵپارێزی ئەنجام بدەن، ئەگەر گومانیان هەبێت، لەسەر ئەوەی کە منداڵەکە پێویستی بە یارمەتییە. بەگشتی کەسانی پیشەدار یەکەم جار لەسەر بابەتەکە قسە لەگەڵ خێزانەکە دەکەن. هەروەها پۆلیسیش ئاگاداری بەرزدەکاتەوە، ئەگەر کەسێکی خوارتەمەن تاوانێك ئەنجام بدات، یان مەشروب و مادەی هۆشبەری بەکارهێنابێت یان لەکاتی بوونی توندوتیژی ناو خێزاندا.

ئەگەری ئەو هۆیانە چین کە دەبنە هۆیەك بۆ پێویستی بە یارمەتی دان؟

  • لە بارودۆخ و ژیانی بنەماڵەکەدا گۆڕانکاری گەورە پێکهاتوە، کە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموویانن دادەنێ.
  • دایک و باوك ماندوون، کێشەی دروونییان هەیە، خەمۆکی یان نەخۆشیان هه‌یه‌.
  • دایک و باوك زۆر یان زۆر جار ماده‌ی هۆشبەر و مەشروب به‌کار ده‌هێنن.
  • له‌ بنه‌ماڵه‌دا توندوتیژی به‌کار دەهێنرێ.
  • منداڵ یان لاو کاری وا ده‌کا که‌ بۆ ئه‌و مه‌ترسیدارن. بۆ نموونه‌ راده‌یه‌کی زۆر مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌کارده‌هێنێ، تاوانکاریی ده‌کا یان خۆی له‌ چوونه‌ قوتابخانه‌ ده‌دزێته‌وه‌.
  • منداڵەکە کێشەی ده‌روونی هە‌یه‌.
  •  منداڵ ناچار ده‌بێ ئه‌رکێکی زیاتر له‌ راده‌ی توانایی خۆی له‌ پێناوی راپه‌ڕاندنی کاروباری رۆژانه‌ی بنه‌ماڵه‌دا بگرێته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌مه‌ش بۆ نموونه‌ کاتێک که‌ دایک و باوک به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان پێ جێبه‌جێ ناکرێت.

پەیوەندی کردن یان ئاگاداری کردنەوە چ ئاکامێك بەشوێن خۆیدا دەهێنێ؟

کارمەندی بواری کاروباری کۆمەڵایەتی بەدیقەتەوە هەموو ئاگاداری و پەیوەندیەك هەڵدەسەنگێنێت و لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو دەست دەکات بە خەمڵاندنی بارودۆخی منداڵەکە و بنەماڵەکە. بەگوێرەی بارودۆخی منداڵەکە و بنەماڵەکەی خەمڵاندنەکە دەکرێت بەگوێرەی یاسای سەرپەرشتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەڵسەنگاندنی پێویستی بە خزمەتگوزاریەکە بێ یان شوێنکەوتن و روونکردنەوەی بابەتی منداڵپارێزی بێ.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کارمەندەکە پەیودندی بە بنەماڵەکەوە دەکات و داێك و باوکەکە و منداڵەکە بانگ دەکات تا قسەوباسیان لەگەڵدا بکات. لە کاتی هەڵسەندگاندنی باری منداڵەکە و بنەماڵەکە پێ دەچێت چاوپێکەوتنەکان چەندین جار بیت و لەوانەیە لە ئوفیسی سۆشیاڵدا، لە باخچەی ساوایاندا، لە فێرگەدا یا لەماڵی خێزانەکەدا بگیریت. بۆ یارمەتیش دەتوانرێت وەرگێڕ داوا بکرێت. لە چاوپێکەوتنەکاندا پێکەوە باسی ئەوە دەکرێت کە بۆچی ئاگاداری نیردراوە ودەتوانرێ جۆن یارمەتی منداڵەکە و بنەماڵەکە بدرێت. لەکاتی ئەم شوێنکەوتن و ڕوونکردنەوانەدا کارمەندەکە چەند جار منداڵەکە دەبێنێ هەروەها بەبێ دایك وباوکیشی دەیبینێ.

بارودۆخی منداڵەکە و بنەماڵەکە بەگوێرەی پێویست بەشێوەیەکی هەمەڵایەنە وبەرفەراوان دەدرێتە بەر لێکٶلینەوە. ئەگەر بنەماڵەکە خوازیار بێت، دەتوانرێت کەس وکاری تر و ناسیاوی منداڵەکە بۆ هاوکاری بانگ بکرێن.

لێکۆڵینەوەکە لەوانەیە بەرەو بوون بە داواکاری (مشتەری) کاروباری بواری کۆمەڵایەتی یان منداڵپارێزی بێت

ئەگەر منداڵەکە یان بنەماڵەکە کەڵك لە پشتیوانی و خزمەتگوزاریەکانی بواری کاروباری کۆمەڵایەتی وەرگرن، بەڵام بەگوێرەی یاسای منداڵپارێزی پێویستیان بە خزمەتگوزاری نیە، ئەوا بۆ ئەو ماوەیەی کە موشتەری کاروباری بواری کۆمەڵایەتین بەناو کارمەندی خۆیان بۆ دیاری دەکرێت. بوون بە داواکار واتە مشتەری کاروباری بواری کۆمەڵایەتی ئارەزومەندانەیە.

ئەگەر بۆ پشتیوانی بارودۆخی منداڵ و بنەمالەکە پێویستی بە یارمەتی منداڵپاریزی هەبێ، ئەوا بەرنامەی بوونی منداڵەکە بە داواکاری منداڵپارێزی دەست پێ دەکات. ئەو کاتە کارمەندی سۆشیالی لێپرسراو لە کاروبارەکانی بۆ دیاری دەکرێت. ئەگەر بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی پێویستی بە یارمەتی یان بەگویرەی روونکردنەوەی پێویستی بە منداڵپارێزی کارمەندەکە نیگەرانی لەسەر بارودۆخی منداڵەکە لەلا دروست ببێ، لەو حالەتەدا منداڵەکە دەکرێت بە داواکاری منداڵپارێزی وکاروبارەکانی دەست پێ دەکات تەنانەت ئەگەریش منداڵەکە خۆی یان دایك وباوکی بەپێویستی نەزانن.

کاروباری بوون بە داواکاری کاروباری بواری کۆمەڵایەتی یان منداڵپارێزی دەست پێ ناکرێت، ئەگەر بەگوێرەی روونکردنەوەکان هیچ هۆیەك نەبێ بۆ نیگەران بوون، وهەروەها منداڵەکە یان بنەماڵەکەی پێویستیان بە پشتیوانی ویارمەتی نەبێ.

ئەگەر منداڵەکە و بنەماڵەكە پێویسیان بە یارمەتی هەبێ، ئەوا نەخشەی داواکاریان بۆ دادەنرێت.

ئەگەر بڕیارەکە لە دواى ڕوونکردنەوەى پێویستی دەستبەکاربوون بە کاری منداڵپارێزی ئەوە بێت، کە منداڵەکە و خێزانەکە پێویستیان بە یارمەتیە، ئەوا نەخشەیان بۆ دادەرێژرێت کە تێیدا دەنووسرێت بۆ چ شتێك پێویست بە یارمەتی دەکات و ئەو یارمەتیەش چیە کە دەبێ بدرێت.نەخشەکە بە شێوازی نووسراو دادەنرێت و بەمە دەگوترێت نەخشەی منداڵپارێزی داواکار.

نەخشەی داواکار هەمیشە پێکەوە لەگەڵ منداڵەکە و خێزانەکەدا دادەڕێژرێت. بە پێى پێویستیش، بەلایەنى کەمەوە ساڵى جارێك، چاو بە پلانەکەدا دەخشێنرێتەوە. لە کاتى چاوپێخشانەوەدا سەیری ئەوە دەکرێ کە لە بنەمادا لە سەر چ شتێك ڕێکەوتوون و ئەوەش هەڵدەسەنگێندرێت کە ئایا کارکردنەکە یارمەتیدەر بووە.