ئ

ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی (Lastensuojeluilmoitus)

مەبەست لە ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی، ئاگادارکردنەوەی کارمەندى کاروبارى کۆمەڵایەتى‌یە سەبارەت بە منداڵێك کە لەوانەیە پێویستیی بە یارمەتیدان هەبێت. شێوەی ئاگادارکردنەوەکە بەو جۆرەیە کە لە ڕێی تەلەفوون، نووسینی نامە یان سەردانی راستەوخۆ بۆ بنکەی کاروباری کۆمەڵایەتیی ناوچەکەوە، کاربەدەستان لە پێویستیی منداڵپارێزی ئاگادار دەکرێنەوە. هەر کەسێك کە پەرۆشی باشگوزەرانی منداڵەکە بێت، دەتوانێ کاربەدەستان لە پێویستیی منداڵپارێزی ئاگادار بکاتەوە. ئەو کارمەندانەش کە لە گەڵ منداڵ و خێزاندا کاردەکەن، ئەرکە لە سەریان کە هەر کاتێك هەلومەرجی باشگوزەرانی منداڵ بۆیان جێگای نیگەرانی بێت، ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی ئەنجام بدەن.

ئێشکگریی بواری کۆمەڵایەتى (Sosiaalipäivystys)

ئێشکگریی بواری کۆمەڵایەتی، لە هەموو دۆخە چاوەڕواننەکراوەکاندا، لە هەموو سەعاتەکانی شەو و رۆژدا و لە هەموو رۆژەکانی هەفتەدا بەرۆژەکانی پشووی کۆتایی هەفتەشەوە، ئامادەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری‌یە. زانیارییەکانی پێویست بۆ پێوەندیگرتن بە بەشی ئێشکگریی بواری کۆمەڵایەتییەوە لە پەرتووکی ژومارەکانی تەلەفوون، لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی شار، ژومارەی فریاکەوتنی ١١٢، نەخۆشخانەکان و فرمانگەکانی پۆلیس، بەدەست دێت.

ب

بەرژەوەندى منداڵ (Lapsen etu)

کاتێك سەبارەت بە پێویستی منداڵپارێزی هەڵسەنگاندن دەکرێت و لەکاتی پەیڕەو کردنی کارەکانی منداڵپارێزی پەیڕەو دەکرێ، دەبێ لە پلەی یەکەمدا بەرژەوەندیی منداڵەکە لەبەرچاو بگیردرێت، لەو کاتەدا باشترین رێگاچارە لە پەیوەند بە منداڵەکە دەگیرێتە بەر.

بەشداری (Osallisuus)

بەشداری مانای ئەوەیە کە هەموو کەسەکان مافی ئەوەیان هەیە کە بەشیوەیەکی یەکسان بەشداری بکەن و کاریگەری دابنێن لەسەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە خۆیانەوە و بەگەشەکردنی کۆمەڵگاوە هەیە. لە بەشداری منداڵدا مەبەست ئەوەیە کە ئەو لە بڕیاردان، لە جێبەجێکردن و لە هەڵسەنگاندنی کاروبارەکانی دا خۆی لەگەڵدا بێت. مافی بەشداری منداڵ لە تەواوی ئەو کاروبارانەدا کە پەیوەندیان بەوەوە هەیە ئێجگار جیددی لە یاسا و دەستووردا پارێزراوە.

پ

پێراگەیشتنی خێزانی (Perhehoito)

مەبەست لە پێڕاگەیشتنی خێزانی ئەوەیە کە، ئەرکی پێراگەیشتن، پەروەردەکردن و خزمەتکردنى منداڵى جێگۆڕکێ پێکراو، لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆ لە لای ماڵ و خێزانێکی ئاسایی تر یان لە خانووی خێزانێکی پیشەییدا بەڕێوە دەچێت.

پێڕاگەیشتن لە فرمانگەدا (Laitoshoito)

مەبەست لە پێڕاگەیشتن لە فرمانگەدا ئەوەیە کە ئەرکی پێڕاگەیشتن، پەروەردە و چاوەدێریکردنی منداڵی چێگۆڕکێ پێکراو ڕادەستی فرمانگەیەکی تایبەت بە منداڵپارێزی دەکرێت.

پێڕاگەیشتنی جێگر (Sijaishuolto)

مەبەست لە پێراگەیشتنی جێگر ئەوەیە کە کاروباری پێڕاگەیشتن و پەروەردەی منداڵێك کە خراوەتە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستانەوە، ئەو منداڵەی بەشیوەی پەلە جێگۆڕکێی پێکراوە یان لەسەر بڕیاری کاتی دادگای بەڕێوەبەرایەتی جێگۆركێ پێکراو لە دەرەوەی ماڵی خۆ رێکدەخرێت.

ج

جێگۆڕکێ (Sijoitus)

جێگۆڕکێ بەو مانایەیە کە منداڵ بە سەرپەرستی جێگرەوە ئەسپێردرێت، واتای ئەمەش ئەوەیە کە پێڕاگەیشتن و پەروەردەی منداڵ لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەنجام دەدرێت.

جێگۆڕکێ وەك کردەیەکی یاریدەدەرانەی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد (Sijoitus avohuollon tukitoimena)

مەبەست لە جێگۆڕکێ وەك کردەیەکی یاریدەدەرانەی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد وەزعیەتێکە کە تێیدا منداڵ یان هەموو ئەندامانی خێزانەکە پێکەوە بۆ ماوەیەکی کورت جێگۆڕکێیان پێ دەکرێ و لە شوێنێکی دەرەوەی ماڵ نیشتەجێ دەکرێن. جێگۆڕکێ وەک کردەیەکی یاریدەدەرانەی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد، خزمەتگوزارییێکە کە هەمیشە دڵخوازانە ئەنجام دەدرێت.

جێگۆڕکێی بە پەلە (Kiireellinen sijoitus)

مەبەست لە جێگۆڕکێی بەپەلە ئەوەیە کە منداڵێك کە لە مەترسیدایە دەستوبرد لە ماڵ بهێندرێتە دەر و لە شوێنێکی تر جێگیر بکرێت. پێویستی بە جێگۆڕکێی بەپەلە کاتێك دێتە ئاراوە کە بۆ نموونە بارودۆخی ماڵەوە یان کەم وکورتیەکان لە سەرپەرشتکردنی منداڵەکەدا دەستبەجێ تەندروستی یان گەشەکردنی منداڵەکە دەخاتە مەترسیەوە یان کاتێك کە سەرپەرشتکارانی منداڵەکە بەشێوەیەکی کاتی توانای پێڕاگەیشتنیان بە منداڵەکەدا نامێنێ و ئەوەش تەندروستی و گەشەکردنی منداڵەکە دەخاتە مەترسیەوە.

چ

چاوەدێریى پاشینە (Jälkihuolto)

چاەودێریى پاشینە ئەو پشتگیری و یارمەتیانەیە کە لەدواى کۆتاییهاتنى ماوەى جێگۆرکێی منداڵ بۆ شوێنی چاوەدێری، رێکدەخرێت. مەبەست لە چاودێریی پاشینە کارئاسانییە بۆ گەڕانەوەی منداڵەکە یان لاوەکە بۆ ماڵەوە یان بۆ سەربەخۆبوونی. چاوەدێریى پاشینە دەکرێت تا ئەو کاتەی لاوەکە تەمەنی ٢١ سالی پڕدەکاتەوە درێژە بکێشێ.

خ

خانەى پاراستن (Turvakoti)

خانەى پاراستن شوێنێکە بۆ داڵدەدانی ئەو کەسانەی رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە یان مەترسی بەرتوندوتیژی کەوتنیان لە سەرە. دەکرێ لە هەر کاتێکی شەوورۆژدا بە تەنهایی یان لە گەڵ منداڵەکاندا پەنا ببردرێتە بەر خانەی پاراستن. خانەی پاراستن لە شارە گەورەکاندا خانەی پاراستن هەیە، بەڵام دەکرێ هانا ببردرێتە بەر خانەی پاراستن لە شارەکانی تریش.

خانەى منداڵان (Lastenkoti)

خانەى منداڵان دەزگایەکی پارێزگاری لە منداڵانە کە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو منداڵ و لاوانە تەرخانکراوە کە خراونەتە شوێنی چاوەدێری‌یەوە. لە خانەى منداڵاندا کارمەندانى ڕاهێنراو ئەرکى چاودێریکردنى ئەو منداڵ و لاوانەیان لە ئەستۆیە کە بۆ ئەوێ راگوێزراون. خانەکانی منداڵان لە فینلاند، هەر وەک ماڵی ئاسایی وان و زۆریش گەورە نین. کاروباری خانەکانی منداڵان بە گوێرەی یاسا بەڕێوەدەچن و، لە ژێر چاوەدێریشدا ئەنجام دەدرێن

خزمەتکاریی خێزان (Perhetyö)

خزمەتکاریی خێزان بەو کاروبارانە دەوترێ کە بە هۆیانەوە توانایی ئەوە بە بنەماڵە دەبەخشدرێ کە خۆی لە هەلومەرجە جیاجیاکانی ژیاندا، ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێت. ناوەرۆک و شێوازی خزمەتکاریی یە خێزانییەکان بە گوێرەی شارەکان گۆڕانی بە سەردا دێت.

خستنە ژێر سەرپەرشتیى کاربەدەستان (Huostaanotto)

خستنە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستان بە ماناى ئەوەیە، کە بەرپرسیاریەتیی سەرپەرشتی و پەروەردەکردنى منداڵ دەخرێتە ئەستۆی کاربەدەستانەوە. بە پێى یاسا ئەگەر تەندروستی و گەشەی منداڵ بەهۆی ئەو هەلومەرجەوە کە تێیدا پەروەردە دەبێ یا خود بە هۆی شێوەی هەڵسوکەوتی منداڵ خۆیەوە، بەرەوڕووی مەترسیی جیددی ببێتەوە، دەبێ منداڵ بخرێتە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستانەوە. هەڵبەت، منداڵ تەنها لە کاتێکدا دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستانەوە کە ئەو کارە لە بەرژەوەندیی منداڵەکدا بێت و یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد نیشانی داوە کە کافی نین.

خێزانى جێگر (Sijaisperhe)

خێزانى جێگر ئەو خێزانەیە کە لە ناو بنەماڵەدا بە منداڵ ڕائەگات و، منداڵێکیشی گرتۆتە خۆ کە ئەندامی بنەماڵە نیە بەڵام بەهۆی منداڵپارێزییەوە منداڵێکی جێگۆڕکێ پێکراو، لەوێ جێگر کراوە. خێزانی جێگر لە جێی خێزانی منداڵەکە خۆی، دەبێتە ژینگەی گەشەوە ژیانی منداڵ. دایک و باوکانی ناو خێزانی جێگر بەتایبەتی راهێندراون و بۆ ئەو کارە هەڵبژێردراون.

د

داخوازی (Hakemus)

دەکرى کاروبارى منداڵپارێزی بەو شێوەیەش دەست‌پێبکات، کە دایک و باوک یان منداڵ خۆى پەیوەندى بکات بە منداڵپارێزییەوە و داواى یارمەتى دەکات. ئەم دۆخەدا بە جێی دەستەواژەی ئاگادارکردنەوە بۆ منداڵپارێزی، چەمکی داخوازی بەکار دەهێنرێت.

دادگاى کارگێڕیى (Hallinto-oikeus)

دادگاى کارگێڕیى بەشێکى دەزگاى دادە، کە تاوتوێى ئەو سکاڵایانە دەکات کە لەسەر بڕیارەکانى کاربەدەستانى جیاواز بەرزکراونەتەوە. لەو حاڵەتانەدا کە پێوەندی بە منداڵپارێزییەوە هەیە، دادگای کارگێڕی هاوکات لایەنی بڕیاردەریشە.

داواکاری بۆ تاووتوێی پێویستیی منداڵپارێزی (Pyyntö lastensuojeluntarpeen arvioimiseksi)

منداڵ یان خێزانی منداڵ دەتوانن بەیاوەریی کارمەندان داوای یارمەتیدان لە بەشی منداڵپارێزی بکەن. ئەگەر ئەو داوی یارمەتیکردنە بۆ نموونە بە هاوکاریی کارمەندانی قۆتابخانە یان باخچەی منداڵان ئەنجام بدرێت، بەجێی دەستەواژەی “ئاگادارکردنەوە”، کەڵک لە دەستەواژەی ” داواکاری بۆ تاووتوێی پێویستیی منداڵپارێزی” وەردەگیردرێت.

دەزگاى منداڵپارێزی (Lastensuojelulaitos)

دەزگاى منداڵپارێزی دەزگایەکە، کە تێیدا کارمەندانى ڕاهێنراو ئەرکى پێراگەیشتن بەو منداڵ و لاوانەیان لە ئەستۆیە کە بۆ ئەوێ راگوێزراون. دەزگاکانی منداڵپارێزی بۆ نموونە بریتین لە خانەى منداڵان، خانەى لاوان، خانەکانى پێشوازى، خانە خوێندنگەییەکان و ناوەندەکانى هاوپشتیی خێزان. جگە لە خزمەتگوزارییەکانی ناو دەزگاکان، ئەم دەزگایانە ئەتوانن خزمەتگوزاری چاودێریی ئازاد و چاودێریی پاشینە پێشکەش بکەن. ئەم دەزگایانە لە فنلەندا، هەر وەك ماڵی ئاسایی وان و زۆر گەورە نین. ئەو دەزگایانە لە کاروبارەکانیاندا پەیڕەوی لە یاسا دەکەن و کارەکانیشیان لە ژێر چاوەدێریدا ئەنجام دەدرێت.

ڕ

ڕاوێژگەى دایکان و منداڵان (Äitiys- ja lastenneuvola)

خزمەتگوزارییەکانی ڕاوێژگەی تەندروستی دایکان لە وڵاتی فینلەند، بە خۆڕایی‌یە. ئەم ڕاوێژگانە لە بواری چاوەدێریکردنی تەندروستیی منداڵیشدا چالاکن. دایک هەر لە دەسپێکی قۆناغی سکپڕییەوە هاتوچۆی راوێژگەی تەندروستی دەکات. تەندروستیی دایک و کۆرپەڵە هەر لە سەرەتای سکپڕیی دایکەوە دەکەوێتە ژێر چاوەدێریی راوێژگەی تەندروستی. هەر لە راوێژگەی تەندروستیی منداڵان، گەشە و گەورەبوونی منداڵی ژێر تەمەنی قوتابخانەش، دەخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە. وەک نموونە دەکرێ باسی ئەوە بکەین کە منداڵ لە راوێژگە، ڤاکسێنە پویستییەکان وەردەگرێت و کردەی کوتانی بۆ دەکرێت.

ژ

ژێرسەرپەرشتی خستنی نابەدڵانە (Tahdonvastainen huostaanotto)

ژێرسەرپەرشتی خستنی نابەدڵانە بەو دۆخە دەوترێ کە تێیدا منداڵێك تەمەنی گەیشتبێتە ١٢ ساڵ یان سەرپەرشتەکانی خوازیاری ژێرسەرپەرشتی خستنی منداڵ نەبن. لەو جۆرە بارودۆخەدا دەبێ مەسەلەکە لە لایەن دادگەوە یەکاڵا بکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، کارمەندی کۆمەڵایەتی بەرپرس لە کاروباری منداڵەکە، داوانامەیەکی تایبەت بۆ دادگەی کارگێڕی بەرز دەکاتەوە و تێدا پێشنیاری ژێرسەرپەرستی‌خستنی منداڵەکە پێشکەش دەکا. دادگەی کارگێڕیش دوای تاووتوێی مەسەلەکە، بڕیاردەدا کە چی لە بەرژەوەندیی منداڵەکە دایە.

ف

فێرکاریى بەرایی (Esiopetus)

خوێندنی بەرایی بۆ هەموو ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان لە ژێڕ تەمەنی چوونە فێرگەوەیە، ساڵێک پێش دەسپێکردنی خوێندن فێرگەیە. خوێندنی بەرایی بە گشتی لەو ساڵەدا دەست پێدەکا کە منداڵ پێ دەنێتە تەمەنی شەش ساڵیەوە. لە کاتی خوێندنی بەراییدا، منداڵ بە یارمەتی یاری و چالاکیی بەکردەوە لە گەڵ کەسانی تر، ئەو زانیاری و هونەرانەی فێردەکرێ کە بۆ فێرگە پێویستیی پێیان دەبێ. دەبێ هەموو منداڵێك بەشداری خوێندنی بەرایی بکات، کە بە خۆڕاییە. سەرپەرشتکار دەبێ خەمی ئەوە بخوات کە منداڵەکەی بەشداری خوێندنی بەرایی بکات  یان ئەگەر سەرپەرشتکار ئەگەر بیەوێت لە چالاکی وکاروباری تردا مندالەکە بەشداری بکات کە بەمەبەستی بەدەست هێنانی ئەو ئامانجانەیە کە وەڵامدەرەوەی خوێندنی بەراییە. یان خوێندنی بەرایی لە وڵاتی فینلاند هەم لە باخچەی ساوایان و هەم لە فێرگەدا رێکدەخرێت.

فێرکاریى تایبەت (Erityisopetus)

فێرکاریى تایبەت بۆ ئەو قوتابیانە تەرخانکراوە کە لە خوێندنی قوتابخانەیاندا پێویستیان بە یارمەتى تایبەت هەیە. ئەشێ جۆرەها هۆکارى تایبەت هەبن بۆ ئەمە، لەوانە کێشەى فێربوون، نەخۆشى، دواکەوتن لە گەشەکردن و هۆکارەکانی دیکەی هاوشێوە. فێرکاریی تایبەت یان بە شێوەی تایبەتی تاکەکەسی و یان بە شێوەی فێرکاری لە گروپی بچووکدا، ڕێک دەخرێ.

ك

کارمەندى خێزانی (Perhetyöntekijä)

کارمەندى خێزانی لە گەڵ بنەماڵە منداڵدارەکان کار دەکا و، لە راپەڕاندنی کاروئەرکی بەخێوکردن، پێڕاگەیشتن و پەروەردەی منداڵاندا و هەروەها لە کاروباری ناو ماڵدا، یارمەتی بە دایک و باوکی ناو ئەم جۆرە بنەماڵانە، دەکا.

کارمەندى کاروباری کۆمەڵایەتى پێوەندیدار بە منداڵپارێزی (Lastensuojelun sosiaalityöntekijä)

کارمەندى کاروباری کۆمەڵایەتى پێوەندیدار بە منداڵپارێزی لە کەرتی گشتی کاردەکات. ئەرکی ئەو مامەڵەکردنی کاروباری داواکارانی منداڵپارێزی‌یە و هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانە لە پەیوەند بە هەر داواکارێك وەك نەخشەدانان، رێکخستنی کاروبارەکان و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنە. بە گوێرەی یاسا، کارمەندی کاروباری کۆمەڵایەتی پێوەندیدار بە منداڵپارێزی دەبێ کەسێکی پیشەیی بێت و خوێندەواری لە بواری کاروئەرکەکەیداهەبێت.

کارمەندى کۆمەڵایەتى بەرپرس لە کاروبارى منداڵ (Lapsen asioista vastaava sosiaalityöntekijä)

بۆ هەر کەسێك کە سەردانی بەشی کاروباری منداڵپارێزی بکا، کارمەندێکی کۆمەڵایەتی بەپرس لە کاروباری منداڵ دیاری‌دەکرێ، کە ئەرکی سەرشانی بریتیە لە پێڕاگەیشتن بە کاروبارەکانی منداڵ. ئەو لێپرسراو دەبێ لەوەی کە ئایا منداڵ پشتیوانی دەکرێت و ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ دابین دەکرێ کە پێویستیی پێیانە یان نا. ئەرکی کارمەندی کۆمەڵایەتی بەپرس لە کاروباری منداڵ ئەوەیە کە بەخەمی ئەوەوە بێت کە هەموو کاروبارەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی منداڵ جێبەجێ دەکرێن.

کارى پێشگیرانەی منداڵپارێزى (Ehkäisevä lastensuojelu)

کارى پێشگیرانەی منداڵپارێزى ئەو جۆرە کاروبارانە لە خۆ دەگرێت کە لە پێناوی پارێزگاری لە منداڵدا لە لایەن ناوەندە جیاجیاکانەوە رێکدەخرێن و گەشە و پەروەردە و خۆشگوزەرانی منداڵ دەکەن بە ئامانج و هەروەها پشتیوانی لە دایکان و باوکانیش دەکەن. کاری پێشگیرانەی منداڵپارێزی یارمەتیەکی تایبەتە لەلایەن شارەوانیەوە یان لایەنەکانی تری ناوچەکە پێشکەش دەکرێت بەو منداڵ و دایکوباوکانە کاتێك کە مشتەری بەشی منداڵپارێزی نین. کاروباری پێشگیرانەی منداڵپارێزی بۆ نموونە لە راوێژگای تەندروستیی دایکان و منداڵان هەروەها لە ناوەندەکانی دیکەی تەندروستی و چارەسەری، باخچەی ساوایان، ناوەندەکانی خوێندن و بەشی بواری کاروباری لاواندا، جێبەجێ دەکرێت.

کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو (Lapsi- ja perhekohtainen lastensuojelu)

کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی پێویستیی پارێزگاری لە منداڵ وە داڕشتنی نەخشەی کەسی داواکار و هەروەها رێکخستنی کاروبارەکانی پشتیوانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد، ئەنجام دەدرێت. بوارەکانی جێگۆڕکێی منداڵ لە دەرەوەی ماڵەوە، پێڕاگەیشتنی جێگر و هەروەها چاوەدێریی پاشینەش بریتین لە کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو.

کردارى سنووردانان (Rajoitustoimenpide)

کردارەکانی سنووردانان کە لە پێڕاگەیشتنی جێگیردا بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە بریتین لە سنووردارکردنی پێوەندیگرتن، پشکنینی لەش و دەستبەسەرکردنە. هەموو جۆرەکانی کرداری سنووردانان و مەرجەکانی گرتنەبەری رێوشوێنی سنووردانان، بە وردی لە یاسادا دیاری کراون. ئەو کردارە سنووردانەرانە تەنها لە چوارچێوەی دەزگاکانی چاوەدێریدا ئەنجام دەدرێن. تەنها سنووردانان بۆ پێوەندیگرتن ئەو حاڵەتەیە کە لە بواری پێڕاگەیشتنی خێزانیشدا، پەیڕەو دەکرێت.

م

ماڵى خێزانى پیشەیی (Ammatillinen perhekoti)

ماڵى خێزانی پیشەیی، شێوازێکە لە پێڕاگەیشتنی خێزانی، وە مەبەست لە ماڵێکە کە مۆڵەتنامەی یاسایی بۆ ئیشکردن وەک ماڵێکى خێزانیى بۆدەرچووە.

منداڵپارێزی (Lastensuojelu)

منداڵپارێزی جۆرێکە لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و ئامانج لێی، دابینکردنی گەشە و پەروەردە و چاکژینییەکی هاوسەنگە بۆ منداڵ. منداڵپارێزی بە دوو شێوە ئەنجام دەدرێت؛ یان بە شێوەی کاری منداڵپارێزی تەرخانکراو بۆ منداڵ و ماڵێکی دیاریکراو، یان بە شێوەی کارى پێشگیرانەی منداڵپارێزى.

ن

نەخشەی کەسی داواکار (Asiakassuunnitelma)

نەخشەی کەسی داواکار بە کاغەزێك دەوترێ کە ئەو بابەت و باسانەی تێدا دەنووسرێن، کە لەسەر بنەمای ئەوانە منداڵ و بنەماڵەکەی پێویستیان بە یارمەتى هەیە، وە هەوڵ دەدرێت گۆڕانکاری بەسەردا بهێنرێت. لەم نەخشەیەدا ئەوەش دیاری دەکرێ کە ئاخۆ بەشی منداڵپارێزی بە نیازە بە کام شێوانە و لە چ ماوەیەکدا یارمەتی منداڵەکە و خێزانەکەی بدات. ئەو منداڵەی کە بۆتە کەسی داواکاری بەشی منداڵپارێزی، پێویستە هەمیشە نەخشەی کەسی داواکاری بۆ دابرێژێت. هەروەها پێویستە کە ئەو نەخشەیە بە گوێرەی پێویست و لانی کەم ساڵی جارێك چاوی پێدا بخشێندرێتەوە. بۆ دایك و باوکەکەش، دەکرێ بە پێی پێویست نەخشەی کەسی داواکاری تایبەت بە خۆیان بۆ دابرێژرێت.

نووسینگەی کاروبارى کۆمەڵایەتى یان فرمانگەی کۆمەڵایەتى (sosiaalitoimisto tai sosiaalitoimi)

لە هەر شارێکدا نووسینگەی کاروباری کۆمەلایەتی یان فرمانگەی کۆمەڵایەتی هەیە، کە خزمەتگوزاری و یارمەتی بژێوی پێشکەش بە دانیشتووان دەکا. خزمەتوگزارییەکانی پێوەندیدار بە منداڵپارێزیش هەر لە ئەستۆی نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی یان فرمانگەی کۆمەڵایەتی‌یە.

ه

هەڵسەنگاندن سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی (Lastensuojelutarpeen selvitys)

هەڵسەنگاندن سەبارەت بە پێویستیی منداڵپارێزی بەو مانایە دێت کە کارمەندی بواری کۆمەڵایەتی بارودۆخی منداڵەکە و دەرفەتی دایك وباوك سەبارەت بە پێراگەیشتن بە منداڵەکە و پەروەردەکردنی هەڵدەسەنگێنێ. ئەگەر هاوکات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی پێویستی منداڵپارێزی دەربکەوێت کە پێویست بە خزمەتگوزاریەکانی منداڵپارێزی دەکات، ئەوا داواکارەکە کاروباری مشتەری بوونی بۆ منداڵپارێزی دەست پێدەکات.

و

وتووێژ لە گەڵ کەسوکاری نزیک (Läheisneuvonpito)

وتووێژکردن لەگەڵ کەسوکاری نزیکدا شێوازێکی کارکردنە کە بە هۆیەوە هەوڵ دەدرێت کە بە ڕاوێژ لە گەڵ کەسوکاری نزیک و خێزانی منداڵەکەدا، چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە. لە میانەی وتووێژ لە گەل کەسوکاری نزیک سەبارەت بە منداڵەکە، کەسە گرینگەکانی منداڵ و کاربەدەستان رووبەڕووی یەکتر دەبنەوەو پێکەوە وتووێژ دەکەن.

ی

یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتیى قوتابخانە (Koulukuraattori)

یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتی قوتابخانە کارمەندی بواری کۆمەڵایەتی ناو قوتابخانەیە و ئەرکەکەی بریتی‌یە لە یارمەتیدان و هاوکاریی خوێندکاران و خێزانەکانیان. بۆ نموونە یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتیی قوتابخانە یارمەتی بەو خوێندکارانە دەکا کە لە خوێندندا یان لە پێوەندییەکانیاندا لە گەڵ هاوڕێکانیان کێشەیان هەیە یان ئەوەتا گۆڕانکارییەکی تر لە هەلومەرجی ژیانیاندا پێک هاتوە. دایک و باوکەکانیش دەتوانن سەبارەت بە هەلومەرجی ناو ماڵ یان بابەتەکانی دیکەی پێوەندیدار بە پەرەوەردە، لە گەڵ یاریدەدەری بواری کۆمەڵایەتی قوتابخانە گفتوگۆ بکەن.

یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد (Avohuollontukitoimet)

یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد بە جۆرێک لە خزمەتگوزاریی تەرخانکراو بۆ خێزانەکان دەوترێ کە لەمیانەیەوە منداڵەکان و دایك و باوکەکانیان، هەر لە ژینگەکەى خۆیاندا یارمەتی دەردرێن. یاریدەدەرییەکانی بەشی چاودێریى کۆمەڵایەتى ئازاد، جۆرە خزمەتگوزارییەکی دڵخوازانەیە و لەسەر بنەماى کارى هاوبەش لەگەڵ خێزاندا بنیات دەنرێن. ئەو جۆرە خزمەتگوزارییە یاریدەدەرانە هەمیشە بە پێی تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان و بەشێوەیەك نەخشەی بۆ دادەندرێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی منداڵ و خێزانەکەی بێت. ئەم یاریدەدەرییانە دەکرێ بە تەنیا بۆ منداڵەکە یان بەتەنیا بۆ دایك و باوکەکە یان هاوکات بۆ هەموو خێزانەکە رێکبخرێت. پێویستی بە خزمەتگوزارییەکانی یاریدەدەر لە نەخشەی کەسی داواکاردا تۆمار دەکرێت. سەبارەت بەو خزمەتگوزارییە یاریدەدەرانەی پەسندکراون کاربەدەست بڕیار دەردەکات. خێزانیش دەتوانێ داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات.

یاساى منداڵپارێزی (Lastensuojelulaki)

یاساى منداڵپارێزی، رێساکانی پەیوەندیدار بە منداڵپارێزی دیاری دەکا. لە پاڵ یاسای منداڵپارێزیدا لە یاسای چاودێری کۆمەڵایەتیشدا، لە یاسای سەرپەرشتی منداڵ و مافی منداڵ بینیندا و هەروەها لە رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵیشدا پارێزگاری و شێوەی مامەڵە لە گەڵ منداڵ دیاری دەکات.